"سبەی نەخۆشخانەی بەحرکە دەکرێتەوە"
__2023_08_05_h15m43s36__ER.jpg)
بڕیارە سبەی ڕۆژی یەکشەممە نەخۆشخانەی بەحرکە بەشی ھەناو بکرێتەوە، بەرپرسێکی تەندروستیش دەڵێ: لە قۆناغی یەکەم تەنیا بەشی ھەناو دەکرێتەوە و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری دامەزراندنی ١٠٠ کەسی دیکەی بۆ نەخۆشخانەکە دەرکردووە.
بارزان گەڵاڵی، بەڕێوەبەری کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: سبەی ڕۆژی یەکشەممە نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشییەکانی ھەناو بەڕووی ھاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و زیاتر لە ١٥٠ ھەزار ھاووڵاتیی سنووری بەحرکە و دەوروبەری سوود مەند دەبن لە خزمەتگوزاری تەندروستی، لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا بەشی ھەناو دەکرێتەوە، پزیشک و ستافی پێویستیش بۆ نەخۆشخانەکە دابین کراون.
بەرپرسەکەی تەندروستی گوتیشی: نەخۆشخانەی بەحرکە لە چەند بەشێک پێکھاتووە، لە قۆناغەکانی داھاتوو بەشەکانی دیکەی وەک چاودێری چڕ و نەخۆشییە گوازراوەکان دەکرێنەوە، کردنەوەی نەخۆشخانەکە کاریگەری لەسەر خزمەتگوزاری تەندروستی دەبێت، چونکە بە نرخێکی ڕەمزی ھاوشێوەی نەخۆشخانەکانی دیکەی گشتی چارەسەری نەخۆش دەکرێت.
بارزان گەڵاڵی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دامەزراندنی بۆ ١٠٠ کارمەند دەرکردووە و لە ڕێگەی ئونلایینەوە ئەو ١٠٠ کەسە داواکاری دامەزراندن پێشکەش دەکەن و ھەموو ئەو کەسانەش بەپێی ئەو مەرجانەی دیاری کراون بۆ نەخۆشخانەی بەحرکە دادەمەزرێن و دەست بەکار دەبن.
قائید میرۆ




