یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێم: پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە ئاستێکی باشدایە

هەولێر_KDP.info_ گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێمی کوردستان گوتی: پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر باشە و بەردەوام پەیوەندی وئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، لەگەڵ بەریتانیاش پەیوەندییە بازرگانییەکانمان زۆر باشە، بڕیارە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن.
گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی هەرێمی کوردستان، کاروان سورچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ ژوورە بازرگانیەکانی عێراق هەیە و بەردەوام دیدار و کۆبوونەوەمان هەیە، بازرگانانی ئێمە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق کار دەکەن و هیچ گرفتێکیان نییە، ئەگەر باسی ئاڵوگۆڕیش بکەین لە نێوان هەرێم بۆ عێراق زۆر باش بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بکرێت و هەر گرفتێکیش هەبێت چارەی بکەین، خۆشبەختانە تا ئێستا هیچ گرفتێک نییە .
کاروان سورچی گوتیشی: هەناردەکردنی بەرهەمیش لە هەرێمی کوردستان بۆ عێراق ئاساییە، مەگەر بەفەرمیی قەدەغە بکرێت ئەگەرنا بەرهەم ئاسایی دەڕوات بۆ عێراق و هیچ گرفتێک نییە.
سەبارەت بە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی بەریتانیاش سورچی گوتی: بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیوەندیمان لەگەڵی لە ئاستێکی باشدایە و بەردەوام بازرگانانی ئێمە بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەوان دەکەن، ئەوانیش بەهەمان شێوە کۆمپانیاکانیان دێن لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆیە ئێستا هەوڵدەدەین کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان فراوانتر بکەن، ئێمەش هەموو هاوکارییەکیان دەکەین.
بڵند ئیبراهیم




