٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەورەترین کارگەی ئاسن لە ھەولێر دامەزراوە و نزیکەی شەش ھەزار هەلی کار دەڕەخسێنێ

سەرچاوە: KDP.info

کارگەی ڤان ستیل لە شاری ھەولێر دامەزراوە و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنانیش دەڵێ: کارگەکە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان ستراتیژییە و جگە لە پڕکردنەوەی خواستی بازاڕ ھەلی کار بۆ نزیکەی شەش ھەزار کەس دەڕەخسێنێ.

بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: گەورەترین کارگەی بەرھەمهێنانی ئاسن لە ھەرێمی کوردستان دامەزراوە و لەسەر ئاستی عێراق یەکەم کارگەیە بەو قەبارەیە شیش و ئاسن بەرھەم بێنێ، بۆیە کارگەی ڤان ستیل بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گەورەی پیشەسازی عێراق و ھەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەتوانایدایە خواستی بازاڕی عێراق و ھەرێمی کوردستان پڕ بکاتەوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی: کارگەی ڤان ستیل توانای بەرھەم ھێنانی ٧٠٠ ھەزار تۆن شیشی ھەیە لە ساڵێکدا، بەرھەمەکەشی بەگوێرەی ستانداردی جیھانیە، لەلایەکی دیکەوە کارگەکە ھەلی کاری ڕاستەوخۆی بۆ ٩٠٠ کەس ڕەخساندووە و ھەلی کاری ناڕاستەوخۆش بۆ پێنج ھەزار کەس دەڕەخسێنێت.

بەرگەشت ئاکرەیی ڕوونی کردەوە: ستراتیژییەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و ئێستا پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ڕاگیراوە، زیاتر گرنگی بە پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی ، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەدات و مۆڵەت بەو پڕۆژانە دەدات سوودیان بۆ ژێر خانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار