خەسرۆ ئاژگەیی: کورد پێویستە پەند لە ڕێککەوتنامەیەکی وەک لۆزان وەربگرێت و یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێ

ئەوروپاـ KDP.infoـ لە دوای سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕێککەوتنامەی لۆزان کارگێری لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: کورد پێویستە چاوەڕێی ڕاستکردنەوەی ئاراستەی مێژوو بێ، لە کاتێکدا کورد پەرتەوازەیە و بگرە تەنها لە بابەتێکی گرینگی ئەوهاشدا بەرژەوەندییە تەسکەکان جێگەی ستراتیژییەتە نیشتیمانییەکان دەگرنەوە.
سەدەیەك لەمەوبەر ڕێکكەوتننامەیەك لە تەمموزی ١٩٢٣دا واژۆ و جێبەجێ کرا، دواتر شوێنەوارە خراپەكانی دەركەوتن، ئەویش ڕێكکەوتننامەی لۆزان بوو.
لۆزان شارێكی وڵاتی سویسرای سەر بە كیشوەری ئەوروپایە، ڕێكکەوتننامەیەكی تێدا واژۆكرا، بەستنی ئەو ڕێكکەوتننامەیەش قسە و باسێكی یەكجار زۆر هەڵدەگرێت، لەم بارەیەوە، خەسرۆ ئاژگەیی، کارگێڕی لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەوروپا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەد ساڵ بەر لە ئێستا ڕێککەوتننامەی لۆزان لەلایەن سەرکەوتوانی جەنگی جیهانی یەکەم واژۆ کرا و لاپەڕەیەکی تازەی پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و ناسەقامگیری بۆ گەلی کورد بەدوای خۆیەدا هێنا.
لێکەوتە و دەرهاویشتەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە لە هەژمار نایەن کە بوونە هۆکاری نەهامەتی و کارەسات بۆ سەد ساڵی دواتر، میللەتی کوردی ڕووبەڕووی نکۆڵی، نەهامەتی و پەراوێزخستن کردەوە.
لێکەوتەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە تەنها بۆ گەلی کورد کارەساتبار نەبوون، بەڵکو تەواوی ناوچەکەی لە پێشکەوتن، پێکەوەژیان و تەبایی بێبەشکرد، ئەوەش بەهۆی ڕەفتارە چەوتەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکرا.
وانەکان زۆرن دەبێت گەلی کورد سوودیان لێ ببینێت، ئەو زوڵمەی بەر لە سەد ساڵ ڕوویدا دەرهەق بە کورد و کوردستان، ئاراستەکەی ڕاست بکرێتەوە و دۆخەکە بە بەرژەوەندی گەلی کورد بەکۆتا بێت.
ئاژگەیی گوتیشی: لێرە نامەوێت بچمە ناو بابەتی ئەگەر و چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە سەد ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر بابەتی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی گەلی کوردە، ئەمڕۆ پێویستە ببێتە ستراتیژییەتی سەرەکی هەموو لایەنە کوردییەکان، کار لەسەر برەودان بە پەیوەندییە بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
ناکۆکیەکانی گەلی کورد هەموو کاتێك ئامرازی سەرەکی بووە لەدەست نەیارانی کورد بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی بدەن و دواڕۆژێکی ناسەقامگیری بۆ دروست بکەن.
چۆن دەکرێت ئێمە چاوەڕێی ڕاستکردنەوەی ئاراستەی مێژوو بین لە کاتێکدا کورد پەرتەوازەیە و بگرە تەنها لە بابەتێکی گرینگی ئەوهاشدا بەرژەوەندییە تەسکەکان جێگەی ستراتیژییەتە نیشتیمانییەکان دەگرنەوە. هەموومان بینیمان بەر لە چەند ڕۆژێك لە لۆزان گردبوونەوەیەك بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرا و چوار ئاڵای جیاواز بۆ کوردسان نمایش کران.
ئەگەر چەند لایەنێك هەبن ئەو کردەوە نامۆ و نانیشتیمانپەروەری و نامەسئولانەیە پەیڕەو بکەن و تۆوی جیاخوازی بڵاو بکەنەوە و ئامادەبن سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان و خەباتی گەلی کورد بکەن، ئەوا چۆن دەتوانین پەیامی یەکدەنگی میللەتێك کە سەد ساڵ نەهامەتی دیوە بەهۆی ئەو ڕێککەوتننامەیە بگەیەنینە ئازادیخوازان و دۆستانمان لە جیهان. ئەو کارە نا ماقوڵە بەر لە کورد، دۆستانی کوردستانی توشی سەرسوڕمان کردووە.
ئەو کارگێڕەی لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەوروپا، گوتیشی: "پێم وایە بەر لەوەی بیر لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیککەوتنێکی بەر لەسەد ساڵ بکەینەوە، پێویستە وانە لە مێژوو وەربگرین و هیچ نەبێت لە بابەتێکی ئەوها هەستیار و گرینگ، بە یەکدەنگ و یەکڕەنگ ناڕەزایی گەلی کورد و ئەو نەهامەتیانەی دووچاری بووەوە بەهۆی ئەو ڕێککەوتننامەیە بگەیەنینە جیهانی دەرەوە.
هەر ئەو یەکدەنگیەشە دەسکەوتەکانی ئەمڕۆمان دەپارێزێت و دواڕۆژێکی گەش بۆ گەلی ستەمدیدەمان بەرجەستە دەکات.
دۆستانیشمان چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکەن بۆ ئەوەی کارەکەی ئەوان لە پشتیوانیکردنمان ئاسانتر بکات.
فایزە کۆیی




