"لە دھۆک ڕێگای ٦٤ گوند نوژەن دەکرێتەوە"
__2023_07_20_h16m20s29__ER.jpg)
لە سنووری پارێزگای دھۆک ڕێگای ٦٤ گوندی پارێزگاکە نوژەن دەکرێتەوە، بەرپرسێکی چاککردنەوەی ڕێگاوبانی دھۆکیش دەڵێ: ڕێگای ھەموو گوندەکان نوژەن دەکرێتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە ڕێگای گوندەکان دەدات.
ھەڤاڵ عەلی، بەرپرسی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوەی رێگاوبانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە ڕێگای گوندەکانی پارێزگای دھۆک دەدات، ئێستا بە گوژمەی ١٣ ملیار دینار کار لە ڕێگەی ٦٤ گوندی سنووری پارێزگای دھۆک دەکرێت بۆ چاککردنی ڕێگا و نوژەنکردنەوەیان، لە چوارچێوەی ١٦ پڕۆژەدا.
بەرپرسی تەکنیکی لە چاککردنەوەی ڕێگاوبانی دھۆک گوتیشی: ڕێگای ھەموو گوندەکانی پارێزگای دھۆک نوژەن دەکرێتەوە و بودجەی تەرخانکراویش بۆ نوژەنکردنەوە و چاککردنی ڕێگاکان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دھۆکە.
ھەڤاڵ عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: جگە لە نوژەنکردنەوەی ڕێگای ٦٤ گوندی دھۆک، ھەموو ئەو پردانەی دەکەونە سنووری دھۆک نوژەن دەکرێنەوە، نوژەنکردنەوە و چاککردنی ڕێگاوبانی گوندەکان کاریگەری لەسەر ڕەوشی ھاتوچۆی ھاووڵاتییان دەبێت، بەتایبەتی بەھۆی سەختی زستانی ھەندێ ناوچە ساڵانە پێویستییان بە نوژەنکردنەوە ھەیە.
قائید میرۆ




