مامۆستایەکی زانکۆ : سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئازەربایجان دەرگایەکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە باکوی پایتەختی ئازەر بایجان و لەلایەن سەرۆکی ئازەر بایجان، ئیلهام عەلیێڤ لە کۆشکی کۆماری بە گەرمی پێشوازی لێکرا، مامۆستایەکی زانستە سیاسیەکانیش دەڵێت: ئەمە سەرەتایەکی نوێیە بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندی خۆی لەگەڵ قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست بەهێزتر بکات.
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر عیسا ، مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان ئەوە نیشان دەدات، سەرۆکی هەرێم کاریگەری زۆر ئیجابی هەیە لەسەر گەشەسەندنی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ وڵاتان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی، بۆیە سەردانەکە لەچەند روانگەیەکەوە گرنگە، لەوانە .. یەکەم جارە بەو شێوەیە پێشوازی لێ بکرێت لەسەر ئاستی باڵا، ئەوە وا دەکات پەیوەندی هەرێم بەرەو قەفقاز و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوات و دەزگای نوێتر لە هەرێم بکرێنەوە لە بواری ئابووری، سیاسی و بازرگانی، ئەزموونی ئازەربایجان لە بواری نەوت، غاز و تەکنەلۆژیای پترۆ کیمیاوی هەیەتی بۆ هەرێم حاڵەتێکی ئیجابی دەبێت، بۆیە ئەمە سوودی دوولایەنە دەبێت، ئازەربایجان دەتوانێ لە ڕێگەی هەرێمەوە پەیوەندی باش لەگەڵ عێراق دروست بکات، بۆ هەرێمیش لە ڕوانگەی جیپۆلۆتیکییەوە گرنگی زۆری هەیە.
دکتۆر ساڵح مەلا عومەر عیسا گوتیشی: ئازەربایجان ناوچەیەکی گرنگە و لەسەر ئاستی جیهان سیاسەتی تایبەتی هەیە، بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی زلهێز وەکو چین، بۆیە پەیوەندی باشی بۆ هەرێم دەبێت بەتایبەت لە ڕێڕەوی "زەنگە" ی نێوان ئازەربایجان و هەرێمی نەهجەوان لە ڕێگەی تورکیا بۆ ئاسیای نێوەڕاست و وڵاتانی دیکەی جیهانی، بۆیە کاتێک هەرێم پەیوەندی باشی لەگەڵ هەبێت دەتوان لەو ڕێگەیەوە بگاتە بازاڕی ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز و وڵاتانی دیکەی ئاسیا بەگشتی، بۆیە دەرگایەکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە .
عیسا باسی لەوەشکرد: لەوسەردانە گفتوگۆی جدی دەکرێت لەبارەی کردنەوەی کونسولخانەی ئازەربایجان لە هەرێمی کوردستان و لێکتێگەیشتنی باش دروست دەکرێت، بۆیە دەبێتە هۆی ئەوەی لەداهاتوو کونسولخانەی ئازربایجان لە هەرێم بکرێتەوە و نوێنەرایەتی هەرێمیش لەوێ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەرژوەندی هاوبەش لە هەموو ڕوویەکەوە دروست بکرێت، چونکە خەڵکی زۆری کوردیان هەیە و پەیوەندیش لەنێوان کوردی ئەوێ وهەرێم دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە خاڵێکی بەهێزی پەیوەندی ، لە بواری زانستیش بەهەمان شێوە ، بۆیە ئەو سەردانە کاریگەری لەسەر پەیوەندی هەرێم و تورکیاش دەبێت، ئەمە سەرەتایەکی نوێیە بۆ هەرێم کە پەیوەندی خۆی لەگەڵ قەفقاز وئاسیای ناوەڕاست بەهێزتر بکات.
بڵند ئیبراهیم




