وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان: کابینەی نۆیەم خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی بێ جیاوازی کردووە
__2023_07_11_h14m53s26__ER.jpg)
هەولێر_KDP.info_ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم جاربوو وەزارەتێکی تایبەت بە کاروباری پێکهاتەکان دانا، لەم کابینەیە پشتگیریەکی تەواوی پێکهاتەکان کراوە و خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە بێ جیاوازی کراوە.
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، ئایدن مەعروف، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری زۆر باش کراوە بۆ خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی و بۆ یەکەمجاریش وەزارەتێک دانرا بەناوی کاروباری پێکهاتەکان، ئەوەش هەنگاوێکی تازە بوو بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی پێکهاتەکان بکرێت و پەرەی زیاتر بە پێکەوەژیان لەهەرێمی کوردستان بدرێت، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتی هەموو خەڵک و پێکهاتەکان بووە بێ جیاوازی.
ئایدن مەعروف گوتیشی: ئەو وەزارەتەی لەو کابینەیە بۆ پێکهاتەکان دانراوە هەنگاوێکی تازە وگرنگ بوو، بووە پردێک لەنێوان حکوومەت و پێکهاتەکان، هەموو داواکاریەکانی پێکهاتەکان لە ڕێگەی وەزارەتی خۆمان دەدرێتە حکوومەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش داواکاری پێکهاتەکان بەگرنگ وەردەگرێت و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی پێکهاتەکانە، بۆیە ئەو وەزارەتە لەڕووی مەعنەویشەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو.
مەعروف ڕوونیشی کردەوە : حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کێشە و گرفتەکانمان چارەسەر دەکات و ئێمەش چاودێری داواکاری وگرفتەکانی خەڵک دەکەین، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پشتگیریمان دەکات هیوادارین هەمووان بەو شێوەیەبن و ئەو پێکەوەژیانەی هەیە بەردەوامبێت و لەکابینەکانی داهاتووش هەر هەبێت و پەرەی زیاتری پێ بدرێت، بۆیە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی هەموو خەڵک بووە، بێ جیاوازی خزمەتی هەموو خەڵکیشی کردووە.
بڵند ئیبراهیم




