ڕۆژانە لە خاڵی سنووری زێتێ نزیکەی 300 کەس ھاتوچۆ دەکەن

مێرگەسۆر-KDP.info- قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕایگەیاند: دوای کردنەوەی خاڵی سنووری زێتێ ئێستا ھاتووچۆکردن لەو رێگەیەوە ئاسایی و بێ کێشەیە و ڕۆژانە نزیکەی 300 کەس ھاتوچۆ دەکەن و بڕیارە بکرێتە ڕێگەیەکی بازرگانیش.
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، غەفوور ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "خاڵی سنووری زێتێ کراوەتەوە و ئێستا ھاتووچۆ لەو خاڵە سنوورییە بەردەوام و ئاساییە و خەڵک لەو رێگەیەوە ھاتوچۆ دەکەن، هەرچەندە ئێمە ھیچ ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ڕۆژانە نزیکەی 300 کەس لەو خاڵە سنوورییە ھاتوچۆ دەکەن".
غەفوور ئەحمەد گوتیشی: "خۆی ئەو خاڵە سنووریە بۆ ھاتوچۆی گەشتیاریی و بازرگانییە، ھاوکات چاوەرێ دەکەین ئەو ڕێکارانەی ماون تەواوبن ئەوکات جولەی بازرگانیش لەرێگەی ئەو خاڵە سنوورییە دەستپێدەکات، چونکە لەئێستادا کارەکان باش بەڕێوەدەچن".
لەماوەی ڕابردوو بە شێوەیەکی فەرمی خاڵی سنووری زێتێ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، ئێستا خەڵک لەرێگەی ئەو خاڵە سنوورییەوە ھاتووچۆ دەکەن ، تا ئێستا ئەو خاڵە سنوورییە تەنیا بۆ ھاتوچۆی گەشتیاری بەکاردێت، بەڵام بڕیارە بۆ کری بازرگانیش سوودی لێ وەربگیرێت.
بڵند ئیبراھیم




