قایمقامی قەزای مێرگەسۆر: کردنەوەی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی دەبێتە هاندانێک بۆ ئەوەی خەڵک ڕوو لەکاری ئاژەڵداری بکەنەوە

مێرگەسۆر -KDP.info- کارگەی زۆم بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە گوندی ژاژۆک لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 46 مەتر زەوی دروست کراوە، ڕۆژانە 500 هەلی کاری ڕەخساندووە و دوو هەزار خزانیش لێی سوودمەند بوون، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا کارگەکەی کردەوە، قایمقامی قەزای مێرگەسۆریش دەڵێت، ئەو کارگەیە هەنگاوێکی گرنگە کە جارێکی دیکە خەڵکی دەزانن بەرهەمەکەیان ساخ دەبێتەوە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کردنەوەی ئەو جۆرە پڕۆژانە زۆر گرنگن بۆ دەڤەرەکە، چونکە خەڵکی دیکەش لێی سوودمەند دەبن کە ئەوانەی ئاژەڵیان هەیە و شیریان دەبێت و شیرەکەیان بەفیڕۆ ناڕوات و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت جارێکی دیکە خەڵك ڕوو لە کرینی ئاژەڵ و ئاژەڵداری دەکەن، چونکە ئەو کارگەیە دەتوانێ ڕۆژانە 50 تۆن شیر وەربگرێت، بۆیە ئەمە هەلی کار زیاد دەکات.''
غەفوور ئەحمەد گوتیشی: ''بەهۆی ئەو کارگەیە چەندین جۆری هەلی کار دەڕەخسێت، ئەوانەی لە کارگە کار دەکەن و ئەوانەی شیر بۆ کارگە دەگوازنەوە و ئەوانەی شیر بە کارگە دەگوازنەوە و ئەوانەی شیر و ئەوانەی وێنجە دەچێنن، بۆیە لە زۆر ڕووەوە هەلی کار بۆ خەڵکی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێت، بۆیە ئەمە هاندانێکی خەڵکە جارێکی دیکە خەڵک دەزانن بەرهەمەکەیان ساخ دەبێتەوە و تەنها گۆشتەکە نییە و ئاژەڵەکە بفرۆشن.''
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ئەوە پرۆژەیە هی کەرتی تایبەتە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری و پاڵپشتیی خەڵک دەکات پڕۆژەی هاوشێوە بکەنەوە.''
بڵند ئیبراهیم




