٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە حەویجە ھەڕەشە لە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- چەند ڕۆژێکە جووتیارانی کورد و تورکمانی دەوروبەری کەرکووک ھەڕەشەی لێسەندنەوەی زەوییەکانیان لێ دەکرێت و پەرلەمانتارێکی پارتییش لە کەرکووک دەڵێ، داوا لە جووتیاران دەکەین بە ھیچ شێوەیەک سەردانی پارێزگای کەرکووک نەکەن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەست.

نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جووتیارانی عەرەبی سنووری حەویجە جووتیارانی کوردیان ئاگادار کردووتەوە سەردانی دیوانی پارێزگای کەرکووک بکەن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەست ھەتا ئەوانەیشی تاپۆیان ھەیە ئاگادار کراونەتەوە، ئێمە جووتیارانمان ئاگادار کردووەتەوە بە ھیچ شێوەیەک گرێبەست نەکەن.''

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''مەترسی ھەیە دواتر گرێبەستی جووتیارانی کورد لە سنووری حەویجە و سەرگەڕان ھەڵبوەشێندرێنەوە و بێبەش بکرێن لە مافی یاساییی خۆیان.''

نەجوا کاکەیی گوتیشی: ''ئەو گوندانەی مەترسییان لەسەرە و جووتیارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە زیاتر دەکەونە سنووری تۆپزاوە و تلکەلان و سەرگەڕان، عەرەبی شۆڤێنی لەو سنوورە پشتی ھەیە و حکوومەت پشتگیرییان دەکات، ھەر ئەوەیش وای کردووە زۆری بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان بێنن و ھەڕەشەی لێسەندنەوەی زەوییەکانیان بکەن.''

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار