سارا دڵشاد: پێکھاتەکان دژی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمن
__2023_05_28_h16m33s7__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێکھاتەکان دژی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانن و دەڵێت، ھەندێ لایەن دەیانەوێ رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا جێبەجێ نەکرێت.
سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو گۆڕانکارییەی بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق لە پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستان کردیان، ھەڵەیەکی گەورەیە و گێڕانەوەی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ خاڵی سەرەتا. ھەمووان دەزانین سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی، لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ھەموو ھەوڵێکی دا بۆ کۆتاییھێنانی کێشەکان و بەدیهێنانی رێککەوتن. خۆشبەختانە توانرا ھەولێر و بەغدا لەسەر کۆمەڵێک پرس رێک بکەون و توانرا دەربارەی ھەناردەکردنی نەوت رێککەوتنێک بێتە دی، کە لە بەرژەوەندەیی خەڵکی کوردستان و ھەموو عێراقدا بێت. زۆر بەداخەوە ھەندێک لایەن ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی بودجەی کوردستانیان کردووە وەک دەستکەوت بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، دەیانەوێت بەو لێدوانە ھەڵانە، خەڵکی کوردستان چەواشە بکەن، بەداخەوە ھەموو ئەوەی دەیڵێن پێچەوانەی راستییە. ئەو گۆڕانکارییانەی لە بڕگەکانی ١١ و ١٢ و ١٣ی پشکی کوردستان کراون، پێشێلکاریی روونی دەستوورین و ماف و دەستکەوتە یاساییەکانی کوردستان پێشێل دەکەن، بە ئاشکرا دەیانەوێت لەو رێگایەوە پێشێلی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان بکەن.''
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی کە ھاوکات نوێنەری تورکمانیشە گوتی: "وەک پێکھاتەیەکی سەرەکیی ئەم ھەرێمە و بەشێک لە دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان، بەشدارین لە شانازی و دەستکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کورستان و ھاوخەمی کۆژانی دانیشتووان و پێکھاتەکانی کوردستان و قەوارەی ھەرێمین، بۆیە ڕادەگەیەنین بە ھەموو شێوەیەک وەک لە پێشتر پشتگیریی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقمان کرد، ئێستاش ئێمە نیگەرانین لەو ھەوڵە خراپانەی بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەدرێن، خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە لێژنەی دارایی لەبری رێکخستنی پرۆژەیاسای بودجە، پەلیان ھاوێشتووە بۆ کۆمەڵێک کاروباری دیکە، کە نە پەیوەندیی بە ئیشی لێژنەی دارایییە، نە لە دەسەڵاتی ئەوانە، بۆ نموونە باسکردن لە کێڵگە نەوتییەکان و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان ھەرگیز کاری ئەوان نییە. ئەوەش نیشانەیەکی روون و دیارە، کە مەبەستی ئەوان تێکدانی رێککەوتنەکان و دژایەتیکردنی خەڵک و قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، نەک بودجە و بەرژەوەندیی خەڵک.''
سارا دڵشاد روونیشی کردەوە: "داواکارین لە ھەموو لایەنەکان ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەو کێشانە و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڕانکارییانە. پێویستە لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران ھاوکار بن بۆ کۆتاییھێنانی کێشەکان، نەک خۆیان ببنە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکان و تێکدانی بارودۆخی گشتی. ئێمە داوکارین مافەکانی خەڵکی کوردستان بەپێی دەستوور و یاساکان دیاری بکرێن، نەک بکرێنە بنەمای کێشەی سیاسی و رکابەریی سیاسی و تۆڵەکردنەوە. ھیچ دەسەڵاتێک لە عێراق سەرکەوتوو نەبووە لەوەدا کە بە هێز بڕیارەکانی خۆی دژی خەڵکی کوردستان بسەپێنێت. داواکارین بە زوویی کۆتایی بەو کێشەیە بھێندرێت، چونکە ئەوە دەبێتە کێشەیەک بۆ تەواوی عێراق، دواکەوتنی پەسندکردنی بودجە، دژی بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکی عێراقە. نەک ھەر کوردستان. خەریکە نزیک دەبینەوە لە کۆتاییی نیوەی یەکەمی ساڵ، تا ئێستاش بودجە پەسند نەکراوە، ئەوەش پێچەوانەی خواستی ھەردوو حکوومەتە کە دەیانەوێت ژمارەیەک پرۆژە جێبەجێ بکەن و ژیانی خەڵک باشتر بکەن.''
قائید میرۆ




