لە دھۆک مینحەی مانگانە بۆ سێ ھەزار و 200 خێزان دابین دەکرێت

دھۆک-KDP.info- لە دھۆک مینحەی مانگانە بۆ سێ ھەزار و 200 خێزان دابین دەکرێت و بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێ، چەند مەرجێک بۆ ئەوانەی سوودمەند دەبن دیاری کراون.
زەکیا سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەک قۆناغی یەکەم بۆ گەڕاندنەوەی مینحەی چاودێری خێزان لە پارێزگای دھۆک پڕۆژەی پێدانی مینحە بە خێزانە ھەژارەکان دەستپێدەکات، لە رێگەی فۆرمێکەوە ئەو خێزانانەی پێویستیان بە ھاوکاری مانگانە ھەیە سوودمەند دەبن، بەڵام ھەنگاوی یەکەم سێ ھەزار و 200 خێزان دەگرێتەوە و ئەو رێژەیەش 80%ی بۆ دانیشتووانی خۆجێی دھۆکە و رێژەی 20%یش بۆ ئاوارە و پەنابەرانە".
بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی: "بانکی نێودەوڵەتی لە رێگەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، بەڵام پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵە بۆ ئەوەی پارەکە بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دابەشکردنی ئەو مینحەیە".
زەکیە سەید ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بانکی نێودەوڵەتی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ھەماھەنگی کردووە بۆ ئەوەی بتوانن رێکارەکان جێبەجێ بکرێن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ تا بتوانن دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت و پارەکە بنێردرێت بۆ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان".
قائید میرۆ




