سیروان تۆفیق: لە ھەرێمی کوردستان ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار دەڵێ، تۆمارکردنی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە زیادبووندایە و ئێستا ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن و ئاشکرای کرد، لە پلاندایە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ھاتنی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان بگەیەندرێتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار.
لەم بارەیەوە سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزارە و ساڵانە بەپێی پلانێک گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داھاتووش پلان ھەیە بۆ ھێنانی گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٠ لە پلانی گەشتوگوزاردایە کە ژمارەی ھاتنی گەشتیار بگەیەنێتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار.''
بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن دەشڵێت: "دوای کۆتاییھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ڕوو لە ھەڵکشانە و ئێستا نزیکەی ٥٠٠ کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری ھەن و بەردەوامیش ژمارەیەکە لە زیادبووندایە.''
تۆفیق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "کەرتی گەشتیاری یەکێکە لە کەرتە گرنگەکان و بەھۆی سروشتی ھەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەکی بەرچاوی ناوچەی گەشتیاری ھەن و ساڵانە گەشتیاران ڕووی تێ دەکەن، بێگومان بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار دەبێتە ھۆی گەشەکردنی ئابووریی ھەرێم، چونکە چەندی ژمارەی گەشتیار زیاد بێت و شوێنی گەشتیاری و پڕۆژەی گەشتیاری بکرێتەوە، ھەلی کاریش زیاد دەبێت و داھات زۆرتر دەبێت و لە داھاتوودا کەرتی گەشتوگوزار دەرفەتێکی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.''
قائید میرۆ




