د. مەردان خدر: ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک جێبەجێ دەکەین و بەردەوام لەناو خەڵک دەبین

ئاکرێ -KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ڕاستە ئەرکی ئێمە قورسە و دوو قەزا لە سنووری لقی ئێمە هەیە، بەڵام ئێمە ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆک بارزانی جێبەجێ دەکەین و بەردەوام لەناو خەڵک دەبین و بەشێک دەبین لە معاناتی خەڵک، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری خەڵک بین لە پێویستی و داواکارییان و بۆیان جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانییە کە پێویستە بەرپرس لەناو خەڵکدا بێت و بەشێک بن لە داواکاری و معاناتی خەڵک، بۆ جێبەجێکردنی پەیامی سەرۆک بارزانی دوای کۆنگرە و گۆڕانکارییەکانی سەر ئاستی لقەکان، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بەردەوام لەناو خەڵکدا بین و بەشێک بین لە معاناتی خەڵک و بزانین داواکاری و پێویستیی خەڵک چییە، بۆ ئەوەی کار بکەین هەموو پێویستی و داواکاریی خەڵک جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، بەتایبەت چینی هەژار و کەمدرامەت.
دکتۆر مەردان خدر گوتیشی: سنووری لقی ئێمە سنوورێکی بەرفراوانە، بەتایبەت هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شەش ناحیە و 372 گوند لەخۆ دەگرێت، کە سنوورێکی زۆر بەرفراوانە، بەڵام ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت شەو و ڕۆژ دەکەینە یەک بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین لەو دوو قەزایە.''
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای دەستبەکاربوونی بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر مەردان خدر، بەردەوام و ڕۆژانە سەردانی چین و توێژە جیاوازەکان دەکات، بەتایبەت خەڵکی هەژار و کەمدرامەت و خانەوادەی شەهیدان و برینداران و هاوکارییان دەکات و لە مانگی ڕەمەزانیش ڕۆژانە سەردانی ژمارەیەک خێزانی کردووە و هاوکاریی پێ گەیاندوون و شوێنە گشتییەکانی بەسەر کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخیان بێت و لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دوو ئێوارەخوانی بۆ قوتابیانی بەشە ناوخۆییەکان ڕێک خستووە و بەربانگی لەگەڵ قوتابیان کردووەتەوە و سەبەتەی خۆراکیشی لەو مانگەدا بۆ دابین کردوون.''
بڵند ئیبراهیم




