سەرتیپ خالس: پێشبینی دەکرێت ١٥ ھەزار کەس داوای کۆرسیی خوێندنی باڵا بکەن
__2023_04_04_h17m55s19__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای کرد، دوای ڕاگەیاندنی حەوت ھەزار کورسیی خوێندن ڕۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو داواکاری پێشکەش دەکرێت و پێشبینی دەکەین زیاتر لە ١٥ ھەزار کەس داواکاری پێشکەش بکات.
سەرتیپ خالس، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەوت ھەزار کۆرسیی خوێندن بۆ خوێندنی باڵا لەلایەن وەزارەتەوە ڕاگەیاندراوە و لە ڕۆژی ٢ی نیسان دەست بە پرۆسەی وەرگرتنی داواکاری کراوە و تا ١٨ی مانگی داھاتوو دەرفەت لە بەردەم ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن، بەھۆی مانگی ڕەمەزانەوە کاتێکی زۆر دانراوە بۆ پێشکەشکاران، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٩، سەرەتای کابینەی نۆ، کۆرسیی خوێندنمان ڕاگەیاند و ١١ ھەزار کەس داواکارییان پێشکەش کرد.''
بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا دەشڵێت: ''لەو کاتەوە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕاگیرا و ئێستا پێشبینی دەکەین زیاتر لە ١٥ ھەزار کەس داواکاری پێشکەش بکەن و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر داواکاری پێشکەش دەکرێت.''
دەربارەی مەرجەکان سەرتیپ خالس ڕوونیشی کردەوە: ''کۆرسییەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەش کراون، لەوانەش دبلۆمی باڵا یەک ساڵ و دبلۆمی باڵا دوو ساڵ و ماستەر و دکتۆرا، بۆ نموونە ئەوەی لە ماستەر وەردەگیرێت پێویستە کۆی نمرەی لە بەکالریۆس لە ٦٠% کەمتر نەبێت، مەرجی تەمەنیش دیاری کراوە، ئەوانەیشی فەرمانبەرن جیاوازن و دوای بەدەستھێنانی بڕوانامەی زانکۆ نابێت خزمەتی فەرمانبەری لە دوو ساڵ کەمتر بێت.''
قائید میرۆ




