لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە سەرمایەی 120 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پرۆژە دراون

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە سەرمایەی 120 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە پرۆژە دراون، کە بەشێکی زۆری پرۆژەکان لە بواری پیشەسازیدان، چونکە پلانی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە گرنگیی زۆر بە کەرتی پیشەسازی بدرێت.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لەسێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان 11 مۆڵەتمان داوە بە سەرمایەی 120 ملیۆن دۆلار و پێنج لە پرۆژەکان پیشەسازین کە سەرمایەی 50 ملیۆن دۆلارە، چونکە پلانی ئێمە وایە گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەین و لە مۆڵەتەکانیش دیارە گرنگیی پێ دراوە، بۆ ئەوەی بەرهەمی دەستی کار بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکەین و هانی بەرهەمی ناوخۆ بدەین، چونکە پیشەسازی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە.''
هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ''ئێمە دەسەڵاتەکانی خۆمان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەزاندووە، بۆیە هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ پلان و پرۆژەی خۆیان هەیە و ئێمەش پرۆژەکان ڕادەگەیەنین و وەبەرهێنەر سەردانی شارەکان دەکەن و داواکاری پێشکەش دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕۆتین کەم بێتەوە و پرۆسەکە خێراتر بێت، چونکە هەمووان بێنە دەستە کارەکان بەو خێرایە بەڕێوە ناچێت، بۆیە ئەوان ڕێکارەکان تەواو دەکەن و ئێمە ژمارەی مۆڵەتیان پێ دەدەین.''
بڵند ئیبراهیم




