د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر: سه‌رۆكی هه‌رێم پێداگره له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی سیاسی و یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه

هه‌ولێر -KDP.info- ئاكادیمییهكی بواری زانسته سیاسییه‌كان له كوردستان پێی وایه نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان، له ستراتیژیی خۆیدا چه‌ترێكی كۆكه‌ره‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان بووه و هه‌وڵی داوه ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پرسه ستراتیژییه‌كانی كوردستان نه‌مێنێت و، سه‌باره‌ت به یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگەش پێی وایه كه كاری زۆر كراوه و هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه به‌رز ده‌نرخێنن.
پ. د. ساڵح مه‌لا عومه‌ر، مامۆستای زانكۆ له زانسته ڕامیارییه‌كان، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: "به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ركی یاساییشی ئه‌وه‌یه كه پاڵپشتی له مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات و یه‌كڕیزی له‌ناو لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا پێک بێنێت. سه‌باره‌ت به مافه ستراتیژییه‌كانی گه‌لی كوردستان و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه به شێوه‌یه‌كی پراكتیكی، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه له پێشی گرتووه وه‌ك چه‌ترێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان تێیدا كۆ ببنه‌وه، چ ئه‌و لایه‌نه‌نانه‌ی به‌شدارن له‌ناو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا و چ ئه‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنیشن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یدا چه‌ندین جار لایه‌نه‌كانی له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆ كردووەته‌وه كه به خۆشییه‌وه لایه‌نه‌كانی هه‌رێم زۆربه‌یان به‌شدار بوون له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ر مافه ستراتیژییه‌كانی گه‌لی كوردستان گفتوگۆی زۆر جددی له نێوانیاندا كراوه.''
دكتۆر ساڵح مه‌لا عومه‌ر هه‌روه‌ها گوتی: ''ئه‌و خاڵانه‌ی ئێستا بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگن، چه‌ند خاڵێكن كه سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ته‌ركیزی كردووه نه‌بنه هۆی ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌كان و كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان دانه‌نێن. یه‌كه‌م خاڵ پرسی هه‌ڵبژاردنه له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا، كه ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌كان بووە هۆی ئەوەی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه نه‌چێت و په‌رله‌مان ناچار بوو بۆ ماوه‌ی ساڵێك ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكاته‌وه كه له 30/12/2023 ماوه‌كه كۆتایی پێ دێت. لێره‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نامه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بێن یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بده‌ن له ڕووی ئه‌زموونی نوێی هه‌ڵبژاردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه له كوردستان پێشكه‌وتووتر له جاران بەڕێوه بچێت و دڵنیاییی زیاتریش بداته لایه‌نه‌كان له ڕووی بێگه‌ردیی پرۆسه‌كەوە، كه هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بوو ئه‌نجومه‌نی ئاسایش جێنین پلاسخارتی وه‌ك نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕاسپارد له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان دابنیشێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕوون بكرێته‌وه كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه به چ شێوه‌یه‌ك له كوردستان به‌ڕێوه بچێت، له‌م نێوه‌نده‌دا خاڵی ناكۆكی كه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌بوو له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوو كه چه‌ندین جار به به‌شداریی جێنین پلاسخارت له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم گفتوگۆی جددیی له‌سه‌ر كرا و بووه هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان تا ئاستێك كه ئیتر نابێته ڕێگر له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كرێت. دواجار به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان ڕۆژی 18/11/2023ی وه‌ك واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری كردووه تا پرۆسه‌كه‌ی به‌ڕێوه بچێت، چونكه ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تا 30/12/2023 بۆ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه نه‌چێت ئه‌وه ئیتر ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خۆی درێژی كرده‌وه كۆتایی پێ دێت و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌كرێ و په‌رله‌مان بیهه‌وێ جارێکی دیکە ته‌مه‌نی خۆی درێژ بكاته‌وه، ئه‌وە كێشه‌یه‌كی ئێ‌كجار جددیی بۆ هه‌رێم لێ دەکەوێتەوە، ئەویش پێشێلكردنی مافی هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستانە كه دەبێ هه‌ر چوار ساڵ جارێك نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن.''
دكتۆر ساڵح مه‌لا عومه‌ر هه‌روه‌ها گوتیشی: "خاڵێكی تر گه زۆر گرنگه، پرسی پێشمه‌رگه‌یه، ئه‌مه پرسێكی گرنگ و ستراتیژییه، به‌تایبه‌تی له نێوان یه‌كیه‌تی و پارتیدا، دیاره ئاگادارن كه ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمان ئێستا یارمه‌تیی پێشمه‌رگه ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ هێزی پێشمه‌رگه هێزێكی یه‌كگرتوو بێت نه‌ك له‌ناو چوارچێوه‌ی یه‌كه‌ی 70 و 80دا بێت. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان لێكتێگه‌یشتنی زۆر باشیان هه‌یه و پێنتاگۆن جۆره ڕێكکه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه كه بۆ 4 ساڵ و به شێوه‌یه‌كی قۆناغ به قۆناغ یارمه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه ده‌دات كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی موجه‌هه‌ز و یه‌كگرتوو له هه‌رێمی كوردستان دروست بكات و ئه‌مه‌ش له‌ژێر چاوه‌دێریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا بەڕێوە دەچێت و به‌پێی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی كه كاره‌كانی خۆیان ده‌ست پێ كردووه، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ڕازین له به‌ره‌وپێشچوون و ئەو كارانه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه جێبەجێی کردوون. جگه له‌وه‌ش، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم هه‌وڵی زۆری داوه بۆ یه‌كڕیزیی ناوماڵی كورد له ناوخۆ و هاوگوتاریی هه‌رێم و لایه‌نه‌كان به‌نیسبه‌ت عێراق و دنیای ده‌ره‌وه و، هه‌وڵی داوه كه هیچ لایه‌نێكی سیاسی له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌ست به پهڕاوێزكهوتن نه‌كات.''
سه‌لاح جه‌لال




