٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمەڵێک کۆمپانیای نوێ داوا دەکەن لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان گوتی، سەرەڕای ئەوەی بڕیار دەربارەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرچووە، کۆمەڵێک کۆمپانیای نوێ داواکارییان پێشکەش کردووە بێن لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت بکەن، بۆیە هیچ مەترسی لەسەر کاری کۆمپانیاکان لە هەرێم نییە.

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''چارەسەرکردنی کێشەی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە مادەی 111 و 112ی دستووری عێراقدا هاتووە و پێویستە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەلە بکات لە ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و غازی عێراق و ڕەوانەی پەرلەمانی بکات و ئەنجومەنی وەزیران پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، بەتایبەت لەبارەی مووچەوە، چونکە ڕەشنووسی بودجە لە پەرلەمانە و هیوادارین دەنگی لەسەر بدرێت و پشکی هەرێمی کوردستان پارەی 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکی دابنێت کە خەمڵێندراوە، بۆیە بەو دوو ڕێگایە ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت.''

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی گوتیشی: ''ئەوانەی باس لەوە دەکەن مەترسی هەیە کە کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە هەرێم کارەکانیان ڕابگرن ئەوە ڕاست نییە و هیچ مەترسی نییە، بەپێچەوانەوە چەند کۆمپانیایەک سەرەڕای بڕیاری دەستەی ناوبژیوانانی فەرەنسا داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە کە بێن لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.''

بابکەیی ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا دیار نییە کەی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە دەست پێ دەکات، بەڵام لە ماویەکی نزیکدا دەست پێ دەکاتەوە و شاندی حکوومەتی هەرێمیش لە بەغدایە و ڕێگەچارە دەدۆزرێتەوە و لە زیانی عێراقیشدایە و گورزێکی گەورە لە ئابووریی عێراق دەدات.''

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار