٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سەباح حەیدەر: ئەمڕۆ ھەرێم و بەغدا دەربارەی بودجە و نەوت دەست بە دانوستان دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بەپێی ئەو ئالیەتە دەبێت کە ھەردوو حکوومەت لەسەری دەگەنە ڕێککەوتن، نەک بڕیاری دادگای فەرەنسا و، گوتیشی، هەردوولا لەسەر بنەمای پڕۆژەیاسای نەوت و غاز گەیشتووینەتە ڕێککەوتن.

د. سەباح حەیدەر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە ڕاناگیرێت، بەڵام ئالیەتی ھاوبەش دەدۆزرێتەوە، ھەر ئەوەش، ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کە ھەرێمی کوردستان و بەغدا ئالیەتی گونجاو بۆ ھەناردەکردنی نەوت دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەناو یاسای بودجەش ئەو بڕگەیە جێگیر بکرێت، ھاوکات داھاتی نەوتی ھەرێم لەناو سندووقێک دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەو فشارەی ناوخۆش لەسەر حکوومەتی فیدراڵ نەمێنێ".

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز دەشڵێت: "بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسا کاریگەریی لەسەر کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان نابێت، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکان ھەیە".

د. سەباح حەیدەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "سەردانی ئەمڕۆی شاندی ھەرێمی کوردستان لەسەر پرسی یاسای بودجە و نەوت و غازە کە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەکات، ھەروەھا ڕێککەوتن لەسەر بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز کراوە کار بۆ ئەوە دەکرێت بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی نەوت و غاز لە عێراق، ھاوکات ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم بەپێی ئەو ئالیەتە دەبێت کە ھەرێم و بەغدا لەسەری ڕێک دەکەون، نەک بڕیاری دادگای فەڕەنسا".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار