داوای تیمێکی نیشتیمانی دەکرێت بۆ بەغدا

دهۆك-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، راپەڕینی جەماوەری کوردستان تەنیا بەرھەمی ھێزێکی دیارکراو نییە، بە پێچەوانەوە راپەڕین بەرھەمی جەماوەر و ھەموو ئەو ھێزانەشە کە بەشدارییان تێدا کرد. داواشی لە ھێزەکانی کوردستان کرد، لێرە گلەیی خۆتان بکەن و رەخنە لە حکوومەت بگرن، بەڵام با یەک تیمی نیشتیمانیمان ھەبێت لە بەغدا بۆ بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.
عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١ی پارتی، بە بۆنەی ١٢٠ی ساڵەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و ئازادکردنی شاری دھۆک رایگەیاند: "راپەڕین بەرھەمی سەد ساڵ خەباتی میللەتی ئێمە و کارکردنی ھێزە سیاسیەکانە، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ئیرادەی خەڵکی ژێردەستەی بەعس و ھێزی پێشمەرگە بە باوەڕەوە یەکیان گرت و راپەڕینیان بەرپا کرد، ئەمەش بەرھەمی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستانە و بەرھەمی ھیچ ھێزێکی سیاسی بەتەنیا نییە، ئەو لایەنانەی پروپاگەندەی ئەوە دەکەن، کە گوایە ئەوان راپەڕینیان ئەنجام داوە، ئەوانە غەدر لە یەکێتیی میللەت دەکەن و راپەڕین بچووک دەکەنەوە، لەبەر ئەوەش راپەڕین بەرھەمی خەبات و تێکۆشانی ھەموو ئەو ھێز و لایەنانەیە کە بەشدار بوون لە راپەڕیندا".
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "راپەڕینی دھۆک ھاوکاتە لەگەل یادی ١٢٠ ساڵەی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر، کە ئەندازیاری رێکخستن و سازدانی شۆڕشە لەدوای چەندین شکست و شۆڕش، لەبەر ئەوەش بە ڕێزەوە سەرمان بەرامبەر بە خەبات گەورەیی بارزانیی نەمر دەچەمێنین، ھەر بەو بۆنەیەشەوە لە ژێر رێنمایی تەکیەی بارزان، ژینگەمان دەپارێزین و ھەموو دھۆکییەک و کوردستانییەک داوا کراوە بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆمان لە دوژمنان بکەینەوە و بە چاندنی دارێک ژینگەکەمان بپارێزین، ئەو ژینگەیەی داگیرکەران سەدان جار سوتاندوویانە".
عەونی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" "بە داگیرکەران دەڵێین، بە تایبەتی ئەوانەی پێشتر حوکمیان لە عێراق دەکرد و پێشتر ئامادە نەبوون دان بە ئۆتۆنومیی ئێمەدا بنێن، کە خۆیان ئیمزایان لەسەر کردبوو، رازی نەبوون بەو ئۆتۆنومییەی ئێمە پێی رازی بووین، ئێستا ئێمە لە فیدڕاڵیدا دەژین، بەو کەسانەی ئێستا کێشە بۆ فیدڕاڵیەتی ئێمە دروست دەکەن دەڵێین، دەبێت ئێوە مەمنوون بن ئێمە لە فیدڕاڵی لەگەڵ ئێوە بژین، چاوەڕێی کاتژمێری سەربەخۆیی کوردستانیان بن".
عەلی عەونی رووی قسەی کردە لایەنە کوردستانییەکان و گوتی: "داوا لە ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەین رەخنە لە حکوومەتی خۆتان بگرن و گلەیی خۆتان بکەن لە حکوومەت و ململانێی سیاسی بەڕێوە ببەن، بەڵام کاتێک دەچینە بەغدا تیمی ھەڵبژاردەی نیشتیمانی بین و پێکەوە بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەین".
قائید میرۆ




