چاوەڕێ دەکرێت بڕیاری تاپۆکردنی خانووەکانی شنگال، زێدەڕۆکانیش بگرێتەوە

شنگال -KDP.info- قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت گوتی، خەڵکی شنگال مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکانیان تەواو کردووە و ڕەوانەی مووسڵ کراون بۆ ئەوەی بڕیاری تاپۆکردنی لێ بدرێت، بەڵام چاوەڕێی حکومەت دەکرێت ئایا ئەو بڕیارە خانووە زێدەڕۆکانیش دەگرێتەوە، یاخود نا، چونکە ئەوانیش مامەڵەیان پێشکەش کردووە و ئەگەر بڕیارەکە ئەوانیش بگرێتەوە، نزیکەی 30 هەزار خانوو تاپۆ دەکرێن.
قایمقامی قەزای شنگال بەوەکالەت، نایف سەیدۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای دەرچوونی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئەو خانووانەی لە شنگال تاپۆ نین، تاپۆ بکرێن، ئەو هاووڵاتییانەی خانووەکانیان تاپۆ دەکەن هەموو مامەڵەکانیان تەواو کردووە و پێشکەشیان کردووە و چاوەڕێی ڕێنماییی نوێ دەکەن، چونکە ئێستا هەموو مامەڵەکان پێشکەشی شارەوانیی مووسڵ کراون، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت و تاپۆ بکرێن.''
نایف سەیدۆ گوتیشی: ''ئەو مەلەفە هەندێک زەحمەتە، بەهۆی ئەوەی هەندێک لە خانووەکان بە زێدەڕۆ دروست کراون و هەندێکیش زێدەڕۆ نین، بۆیە دوو جۆر مامەڵە هەن، بەشێکی ئەوانەن کە حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە، ئەوانەی لە ساڵی 1975 دروست کراون تاپۆ دەکرێن و ئەوانەی بەزێدەڕۆ دروست کراون، بڕیارە ئەوانیش تاپۆ بکرێن، بۆیە هەردوو جۆرە مامەڵە دروست کراون و پێشکەش کراون و چاوەڕێ دەکرێت بl
قایمقامی قەزای شنگال گوتیشی: 11 کۆمەڵگا لە شنگال هەیە و ئەگەر بێت و بڕیارەکە خانووە زێدەڕۆکان بگرێتەوە تا 30 هەزار خانوو تاپۆ دەکرێن، بەڵام ئەگەر ئەوان نەگرێتەوە، دەگاتە 15 هەزار خانوو کە تاپۆ بکرێن.
بڵند ئیبراهیم




