٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی پێش ئەوەی ماوەی پەرلەمان تەواو بێت، هەڵبژاردن بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زەمینە خۆش دەکات بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بگەنە فۆرمێکی هاوبەش لەبارەی هەڵبژاردنەوە، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە پێش وادەی تەواوبوونی ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هەڵبژاردن بکرێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''مەبەست لە سەردانی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوە بوو کە زەمینە بڕەخسێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە فۆرمێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردن و سەردانەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە بوو.''

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''ئێستا کار دەکرێت و زەمینە خۆش دەکرێت بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی لایەنەکان ئەنجام بدرێت، چونکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژادن بکرێت، پێش ئەوە ماوەی پەرلەمان کە تەمەنی درێژ کراوەتەوە کۆتاییی پێ بێت، بۆیە ئەمساڵ 2023 هەڵبژادرنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار