تەلاری عێراق پێویستیی بە هەڵوەشاندنەوەو دیزاینێكی نوێ هەیە
دڵشاد مستەفا وەسانی
سەد ساڵ لەمەوبەر، هێشتا شەڕی یەكەمی جیهان هەڵنەگیرسابوو، بەڵام لە هەڵایسان نزیك ببۆوە، دانیشتوانی هەرسێ ویلایەتی بەسڕەو بەغداو موسڵ، كە هێشتا بەزۆر لە دەوڵەتێكدا كۆنەكرابوونەوە، لە دۆخێكی ناهەمواری ڕۆژانی دوایی پیاوە نەخۆشەكە (دەوڵەتی عوسمانی) دا دەژیان، سەرەڕای ئەو ژیانە ناخۆش و دەردەسەرییە، تارمایی شەڕێكی گەورەش بەڕێوەبوو، بۆ سەر ئاسمانی ئەو ناوچەیە، لەولاشەوە هێزە گەورەكانی جیهان، خەونیان بە موڵك و ماڵی ئەو (پیاوە نەخۆشەوە) دەدیت، دوای شەڕیش شیروتیریان لێكتر دەسوی، بەتایبەتیش پاش دۆزینەوەی نەوت، بۆیە چەندین ڕێككەوتن و پەیماننامەیان، بۆ دابەشكردنی ئەو جوگرافیایەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، بەست.
عێراق ناوی ئەو وڵاتە بوو، كە دوای شەڕی یەكەمی جیهان كەوتە سەر زاران، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق زادەی شەڕی یەكەمی جیهانە، ئەو تەلارەی ناوی لێندرا (عێراق) چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیی تێدا كۆكرایەوە، بێ ئەوەی هیچ پرس و ڕایەكیان پێبكرێ، بەتایبەتیش كورد، كە بەزۆری زۆرداری، هەڵدرایە ناو تەلارەكەوە. دیارە ئەندازیارو داڕێژەری تەلارەكەش بەریتانییەكان بوون، ئەوان و فەرەنسییەكانیش، هێشتا گەرمەی شەڕی یەكەمی جیهان بوو، ڕێككەوتنیان (ڕێككەوتننامەی سایكس –بیكۆ 1916) بۆ دابەشكردنی خاك و ناوچە گرنگەكان دەكرد، ئەوكات بەریتانیا هێزی ژمارە یەكی جیهان بوو، دەستی گەیشتبووە زۆربەی ناوچەكانی جیهان، بۆیە پێیان دەگوت ئەو ئیپراتۆرییەی خۆری لێ ئاوانابێت، سەرەتا بەریتانییەكان بۆ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی خۆیان، كوردستانیان دابووە فەرەنسییەكان، بەڵام كە بۆنی نەوتیان كرد، خێرا لەو بڕیارەیان پەشیمان بوونەوەو، دوای دروستكردنی تەلاری عێراق، كاریان بۆ ئەوە كرد، كورد دەو تەلارە بپەستن و، كوردستان بە عێراقەوە بلكێنن، ئینگلیزەكان لە 1921 جاڕی تەواوبوونی تەلاری عێراقیان داو، دوای 4 ساڵ، پاش كێشمەكێشێكی زۆر كوردستانیان بەو دەوڵەتە تازە دروستكراوە لكاند، كورد نەیویست لەو تەلارەدا لە سایەی مەلیك فەیسەڵ دابنیشێ، ئەم ڕایەشیان بە لێژنەكەی كۆمەڵەی گەلان ڕاگەیاندبوو، بەڵام دوا قسە هەر بۆ بەریتانییەكان مایەوەو، بڕیار هەر بڕیاری ئەوان بوو، چونكە بەرژەوەندییان لەوەدا بوو، كە كورد هەڵدەنە ناو ئەو نەخشە تازەیەی دروستكراوی خۆیان. شێوەی داڕشتنی ئەو دەوڵەتە وا داڕێژرا، كە ئاهوناڵەی میللەتانی ناویی بەتایبەتیش كورد گرنگ نەبێت، بەمەش ئاگرێكی بێ ئامان دەو وڵاتە بەردرا، كە هێشتا نێڵەی دێت، چونكە نەخشەی دیزاینی وڵاتەكە بۆ پێكهاتەكان سەقەت بوو، بەڵام لە بەرژەوەندی بەریتانیا دابوو، داڕێژەری نەخشەی عێراق، بەرپرسیارێتی هەموو ئەو بەڵاو نەهامەتیانەی دەكەوێتە ئەستۆ، كە بەدرێژایی سەدەی بیستەم، بەرۆكی كوردو پێكهاتەكانی دیكەی گرت، لەو دیزاینە تەنیا دەسەڵاتداران حسابیان بۆكراوەو، هەمیشە پشت لە نەهامەتی گەلان كراوە، بۆیە بەردەوام لە ئاڵۆزی و تەقینەوەدا بووە، ئەمەش بووە ڕێچكەیەك بۆ فەرمانڕەواكانی بەغدا، كە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت، خۆدزینەوە لە مافەڕەواكانی كورد، وەك نەریتێكی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی لێهاتووە، ئەوەتا لە سەردەمی دوای سەدام، جارێكی دی پشت لە سیاسەتی تەوافوق و پێكەوەیی دەكرێت و بەبێ كورد بودجەی لە پەرلەمان پەسەند دەكرێ و هیچ حیسابێك بۆ كورد، وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی ناكرێت.
لە عێراقی دوای 2003 دا، دابەشبوونێكی بە ئاشكرای پێكهاتە سەرەكییەكان دەركەوت، بەجۆرێك كە لەو قۆناغەدا شیعەو سوننەو كورد، وەك سێ پێكهاتەی سەرەكی دەركەوتن و بڕیاری هەمووان ئەوەبوو، كە وڵات لەسەر بنەمای تەوافوقی بەڕێوە بچێت، كەچی مەیلی تاكڕەوی دەركەوتەوە، ئەو مەیلە هەمیشە لە دەرفەت دەگەڕێ بۆ ئەوەی مەركەزیەتی جاران بگێڕێتەوە، سەرۆك وەزیران مالیكی بەو ئاراستەیەدا كاردەكات و، پشت لە هەموو ڕێككەوتن و هاوپەیمانییەك لەگەڵ كورد دەكات.
دیمەنی ئێستای عێراق، بەجۆرێكە كە گرفتەكان ئاڵۆزتر دەبینرێن، بەناوی زۆرینەی سیاسی، ئەو ئاگرە خۆشتر دەكرێت، كە بەردەوام هەڵایساوە، ئەوەی لەم دیمەنە سیاسییەی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس دەبیندرێت، ونكردنی ڕێگاكانی دەرچوونە لەو قەیرانانەی بەرۆكی عێراقیان گرتووە، یان لە ڕاستیدا دەكرێ بڵێین، خوڵقاندنی قەیرانە بۆ ونكردنی ڕێگاكانی دەربازبوون لەو كێشە ئاڵۆزانەی بەرۆكی ئەو وڵاتەیان گرتووە، بۆیە سەردەم چیدی ئەو تەلارە كۆنە نەگونجاوەی ناوێ، لەبەرئەوەی هۆكاری سەرەكیی ئەو هەموو بەڵاو مەینەتیانەیە، كە بەرۆكی گەلانی عێراقیان گرتووە، ئەگەر داڕێژەری دەوڵەت، بۆ پاراستی بەرژەوەندییەكانی خۆی، پێیوابوبێ، كە دیزاینێكی ڕۆژهەڵاتیانەی داناوەو، لەسەر بنەمای خێزانی گەورەی ڕۆژهەڵاتی، ئەو پێكهاتانەی لە نێو سنوورێكدا كۆكردۆتەوە، ئەوە ئەو هەڵەیە، كە ئێستا پێكهاتەكان باجی دەدەن، با پێكهاتەكان هەڵگری یەك ئاینیش بن، بەڵام نەتەوەی جیاجیان، ناكرێ هەموویان بە یەك چاو سەیری دنیا بكەن و یەك تێڕوانینیان هەبێ، ئەو وڵاتە بەجۆرێك دروستكراوە، پەردە بەسەر هەموو جیاوازییەكاندا دراوە، لەبەرئەوەی دەسەڵات لە بەغدا نایەوێ بگۆڕێ و خۆی لە دەسەڵاتدارانی پێشوو جیابكاتەوە، بۆ درێژەدان بەو عەقڵیەتە، دەسكاری كردنی تەلارە كۆنەكەی عێراق بە كوفر دەزانێ، ئەزموونی 10 ساڵی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام دەریخست، كە ئەو عەقڵیەتە تایبەت نییە بە مەزهەبێك، نەك هەر ئەوە، بەڵكو ئەو عەقڵیەتە هۆكارێكی سەرەكیی كۆكەرەوەی شیعەو سوننەیە، چارەسەر تەنیا هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەلارەیە، بۆئەوەی بەدیزاینی سەردەمی گەلان دابڕێژرێتەوە، كەواتە عێراقی نوێ، پێویستی بە سێ تەلار هەیە بۆ كوردو شیعەو سوننە، زەمینەی ئەو شێوازەش لەبارە، ئەوەتا دیمەنەكان پێمان دەڵێن، پێكهاتەكان چیدی بەو جۆرە فەرمانڕەواییەی بەغدا، كە بەناوی یاساو دەستوورەوە دەكرێ، ڕازی نابن، چونكە لە ڕاستی دەستوور پێشێل دەكرێ، بەناوی دەستوور و یاساوە دكتاتۆرییەت دەگەڕێتەوە، ئەوەی لە عێراقی نوێدا كاری بۆ دەكرێ، بەنزین كردنە بەو ئاگرەی چەندین ساڵە لە هەناوی ئەو وێرانەیە بەربووەو، دروستكردنی سۆتنگە(محرقە) یەكی دیكەیە لە سایەی دەستوورێك كە كاری پێ ناكرێ، بۆ سوتاندنی هیواو ئاوات و هەموو شتێك، جا كە ئەو سۆتنگەیە لە دروستكردندابێت، حیكمەت لە بێدەنگی و سەیركردنی ئەو دیمەنەی لە بەغدا دەگوزەرێ لەچیدایە؟




