٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێکهاتەکان: پشتگیریکردنی سەرۆک بارزانی دڵنیاییە بۆ پێکهاتەکان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆک بارزانی هەمیشە لە ڕابردووشدا پشتگیریی لە پێکهاتەکان و پێکەوەژیان کردووە و پشتگیریکردنی ئەم جارەشیان دڵنیاییدانە بە پێکهاتەکان کە پشتگیریکردنیان و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق  و پشتگیریکردنی لە پێکهاتەکان زۆر گرنگ بوو و پشتگیرییەکی مەعنەوی بوو، بۆ هەموو پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە سەرۆک بارزانی بەردەوام پشتگیریی لە پێکهاتەکان کردووە، بەڵام ئەمەشیان دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکان بوو لە پشتگیریکردنیان بەردەوام دەبن.''

ئایدن مەعڕوف گوتیشی: ''سەرۆک بارزانی لە ڕابردووشدا بەردەوام پشتگیریی لە پێکهاتەکان و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو پشتگیرییەی لەو کاتە کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین گرنگیی زیاتری بۆ ئێمە هەیە، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەر دەستکارییەک لە مافی پێکهاتەکان بکرێت، پێویستە بە ڕاوێژ بێت لەگەڵ پێکهاتەکان و پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەبارەی دۆخی خۆیان بدەن کە چۆن بەشدار دەبن لە هەڵبژاردندا.''

مەعرووف باسی لەوەش کرد: یەکێک لە کارە باشەکان لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانە و جیاوازی لە نێوان هیچ پێکهاتەیەک ناکرێت، بۆیە گرنگە پارێزگاریی لێ بکرێت و بەردەوام بێت.

ئەمەش لە کاتێدایە، سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جینین پلاسخارت جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ڕەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکهاتەکان بکرێت و بۆ بابەتی مافەکانیان لە هەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکهاتەکان هیچ شێواز و فۆرمۆڵێک بەسەر پێکهاتەکانی کوردستاندا بسەپێندرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار