کورد پۆستێکی دیکە وەردەگرێت

مووسڵ -KDP.info- جێگری پارێزگاری مووسڵ ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی مووسڵ بە بڕیارێک کرایە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی شوێنەوار لە بەغدا، ئێستا پۆستی جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی مووسڵ کەسی بۆ دیاری نەکراوە و پشکی کوردە و پێویستە کەسێکی کورد بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت.
ڕەفعەت سمۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە بڕیارێک لیوا عەواد سوورچی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی مووسڵ کرایە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە بەغدا، ئێستا شوێنی ئەو بە بەتاڵی ماوەتەوە و هێشتا پڕ نەکراوەتەوە کە ئەو پۆستەش پشکی کورد و پارتییە.
ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: ''ئەو پۆستە ئیستحقاقی پارتی دیموکراتی کوردستانە و کەسێکی کورد و پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێت، بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر باس لەوە دەکرا، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی مووسڵ لە پۆستەکەی نەماوە و بڕیارە کەسێکی عەرەب لە شوێنی دابنرێت.''
بڵند ئیبراهیم




