باشترین رێزگرتن و وەفا بۆ ئاڵا یەکبوونمانە

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستانەوە، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی پارێزگار و بەرپرسانی حکوومی و حیزبی، مەراسیمێکی شایستە ساز کرا و تێیدا ئاڵایەک ئامادە کرابوو کە درێژییەکەی 60 مەتر بوو و بە دەستی هێزی پێشمەرگە بردرایە سەر قەڵاتی هەولێر، هەر لەو مەراسیمەشدا پارێزگار و رێکخەرانی مەراسیمەکە، داوایان لە لایەنە سیاسییەکان کرد ئەم ڕۆژە بکەنە هەوێنی تەبایی و یەکبوون.
دکتۆر یوسف سیروان، کە وتاری لیژنەی ئامادەکاری مەراسیمەکەی پێشکەش کرد بە نوێنەرایەتیی رێکخراوی ستاند، گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی رێزگرتنە لە ئاڵای کوردستان و ئەو خەبات و قوربانیدانەی ئەو ئاڵایەیان گەیاندە ئێستا لە شێخ مەحموودەوە و لە سمکۆی شکاکەوە و لە شێخ سەعیدی پیرانەوە و لە شێخ ئەحمەدی بارزانەوە و لە قازی محەمەدەوە و لە مەلا مستەفا بارزانییەوە و لە تەواوی ئەو پێشمەرگە و مامۆستایانەی خەباتیان بۆ کوردستان کردووە، بۆیە باشترین رێزگرتن و وەفا بۆ ئاڵا، یەکبوونمانە بۆ سەرخستنی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانمان، داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە ئامادەی ئەو مەراسیمەن، با ئەم ڕۆژە ببێتە هەوێنی یەکبوون و تەباییمان لە پێناو نیشتیمان و تەواوی ئەو خەبات و تێکۆشانەی ئاڵایان گەیاندە ئەمڕۆکە".
لای خۆشیەوە، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، لە گوتەیەکیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە شکۆوە و لە شوێنی پڕ لە شکۆ و هەیبەت، لەو شوێنەی کە هەزاران ساڵە ژیان تێیدا بەردەوامە، بە رۆحیەتی بەرگریکردن لە کوردستان و تێکۆشان لە پێناو ئازادی، لەسەر قەڵاتی سەربەرزی هەولێر یادی شکۆی نەتەوەییمان، شکۆی نیشتیمانیمان و ناسنامەی گەل و خەباتی کوردستان، رۆژی ئاڵای کوردستان پیرۆز دەکەین. ئاڵای کوردستان، ئاڵای مێژوو و بەرخودانە و ئاڵای سەرنەوینەکردنە، ئاڵای نەتەوە و گەلێکە لەوەتەی هەیە رۆح و گیانی خۆی بۆ دەکاتە قوربانی".
خۆشناو گوتیشی: "مێژووی ئاڵای کوردستان، مێژووی خوێنی تەواوی شەهیدانی کوردستانە، ئەو ئاڵایە جگە لەو مێژووە پڕ سەروەرییەی هەیەتی، چەندین قۆناغی یاسایی و دەستووریی بڕیوە".
پارێزگاری هەولێر ڕوونیشی کردەوە: "خواستی ئێمەش، خواستی رێکخەرانی ئەو مەراسیمەیە کە ئەو ڕۆژە بکەینە هەوێنی برایەتی و تەبایی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکان و ئەو ڕۆژە بکەینە ڕۆژی ئاشتەوایی نیشتیمانی، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانیی لە هێزە سیاسییەکان هەیە، بە تایبەت هێزە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکوومەت، هەم لە پشتگیریکردنی حکوومەت و هەم لە بەئامانجگەیشتنی خەڵکی کوردستان بە مافەکان".
جێی ئاماژەیە، رێکخراوی ستاند بە هاوکاریی پارێزگای هەولێر هەڵسابوون بە رێکخستنی ئەو مەراسیمە لەسەر قەڵاتی هەولێر.
بڵند ئیبراهیم




