دوو وەزارەت بۆ ئامادەکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردراون

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی ڕاسپاردووە کە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن، هەرکاتێک بودجەی عێراق پەسەند کرا، حکوومەتی هەرێمیش بودجەی خۆی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
دکتۆر ئەرشەد تەها، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا باشە و گفتوگۆیان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە لە بودجەی گشتی عێراقدا بگەنە ڕێککەوتن، بۆیە کە ڕێککەوتن بکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، هەرێمی کوردستانیش بودجەی بۆ ساڵی داهاتوو دەبێت.''
دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: ''سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی ڕاسپاردووە کە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن، ئەوانیش چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق یەکلایی بێتەوە و دواتر بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ پەسەندکردن.''
گوتیشی، ''ئێستا هەردوو ڕەشنووسی بودجەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ئامادەن و ساڵی ڕابردوو ئامادەیان کردبوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق نەیناردە پەرلەمان بەهۆی ئەوەی حکوومەت کاربەڕێکەر بوو و هەرێمیش لەبەر بەغدا نەیناردە پەرلەمان، چونکە بەشەبودجەی هەرێمیان نەنارد لە بەغداوە، بۆیە ئەوەی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، حکوومەتی هەرێمیش بودجەی خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕەوانە دەکات.''
بڵند ئیبراهیم




