٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێکی پارتی: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندیی کوردە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی کورد لە لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەرژەوەندیی کوردە و دەشڵێ، ئێمە وەک پارتی داوا دەکەین ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت.

شیروان جەمال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقین، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و دیالە و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی چەندین ناوچەی کوردستان رووبەڕووی تەعریب بوونەتەوە و گرینگە ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیسان ھەڵبژێردرێن بۆ چاودێریی ئەو ناوچانە".

ئەندامەکەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان گوتیشی: "پارێزگایەکی وەکو کەرکووک زۆرینەی دانیشتوانی کوردە، کەچی کورد دەسەڵاتی نییە، بەڵام ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەوا ڕێژەی کورد زیاتر دەبێت و ناھێڵێ زێدەڕۆیی بمێنێت".

ناوبراو روونیشی کردەوە: "دوای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کورد کار دەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو ئەو بڕیارانەی بە زۆری دژی کورد سەپێندراون، ھەروەھا نەھێشتنی ئاسەواری تەعریب و رێگری لە ھەر پیلانێک دژی کورد بکرێت، بە تایبەتی لە پارێزگایەکی وەک کەرکووک، لەبەر ئەوەش ئێمە وەک کورد و بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوا دەکەین ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار