کۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سۆشیال میدیا لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو

هەڵەبجە-KDP.info- ئەمڕۆ لە زانکۆی هەڵەبجە، دووەم کۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سۆشیال میدیا بەڕێوەچوو، کە 30 توێژەر بە 22 توێژینەوە تێیدا بەشدار بوون و بە چەند پانێڵێک پێشکەشیان کرد.
د. نەریمان هەڵەبجەیی، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک زانکۆی هەڵەبجە کۆلێژی زانستە مرۆڤاییەتییەکان بەشی ڕاگەیاندن، دووەمین کۆنفڕانسی زانستیمان سەبارەت بە سۆشیال میدیا ئەنجام دا، کە لەم کۆنفڕانسەدا 30 توێژەر بە 22 توێژینەوەی مەیدانی بەشدارن".
هەڵەبجەیی گوتیشی: "ئامانجمان لەو کۆنفڕانسە ئەوەیە، کە هەست دەکەین سۆشیال میدیا لەناو خێزان و کۆمەڵگا زۆر بەربڵاوە، کە گرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاکاری و زانستیی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە دەمانەوێت توێژینەوە لەسەر ئەم گرفتانە و چارەسەرکردنیان لە ناو کۆمەڵگادا بکەین".
دەشڵێ: "ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین و لە ڕێگەی توێژەرەکانمانەوە دەیدەین بە لایەنی پێوەندیدار، هۆشیارییش دەدەینە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا، بۆ ئەوەی تەندروست بەکاری بهێنن".
عەزیز ڕەسووڵ




