پێویستە حکوومەتی عێراق لەجیاتی گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش، ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە

هەولێر -KDP.info- پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە لیژنەیەک پێک بێت و سەردانی کەمپی هۆل بکات لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە داعشانەی بەڕەگەز عێراقین، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدییش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەمێکە داوامان کردووە لیژنەیەک بچێتە کەمپی هۆل، زانیاریمان هەیە لە کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان کوردی ئێزدی هەن، بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێن، نەک لیژنە پێک بێنن، بچێت خێزانی داعشەکان بگەڕێنێتەوە. جگە لەوەش، لەجیاتی گەڕاندنەوەی خێزانی داعشەکان با حکوومەتی عێراق ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان کە زیاتر لە 300 هەزار کەس ئاوارەن.
حوسێن قاعیدی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە زۆر جار داوامان لە لایەنی نێودەوڵەتی کردووە فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکەن بۆ ئەوەی لیژنەیەک پێک بێنن بچێتە کەمپی هۆل و ئەو کوردە ئێزدییانە لەوێ هەن، ڕزگار بکرێن، بۆیە گرنگە ئەو کارە بکرێت و نوێنەری ئێمەشی تێدا بێت، چونکە ئێمە زانیاریمان هەیە کە کوردی ئێزدی لەو کەمپە هەن.''
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش گوتیشی: ''ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی عێراق پێک هاتووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ خێزانی داعشە عێراقییەکان لە کەمپی هۆل بکات، پێویستە بۆ ئەو شوێنەیان نەهێننەوە کە کاتی خۆی کارەساتیان بەسەر شنگال هێناوە. جگە لەوە، تا ئێستاش 300 هەزار کوردی ئێزدی لە کەمپەکاندا دەژین، بۆچی حکوومەتی عێراق خۆی لە ئەوانە ناکاتە خاوەن و خێزانی داعشەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو خاکی عێراق؟ پێویست بوو ئاوارەکانی شنگال بگەڕێنێتەوە، بۆیە ئەوەی دەیکەن کارێکی باش نییە.''
گوتیشی: ''پێویستە حکوومەتی عێراق کوردانی ئێزدی کە ئاوارەن بگەڕێنێتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، نەک خێزانی داعشەکان بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق کە هۆکاری کارەسات و ئاوارەبوونی کوردانی ئێزدین.''
حوسێن قاعیدی ڕوونیشی کردەوە: ''تا ئێستا دوو هەزار و700 کەس ماون کە ڕزگار بکرێن و سێ هەزار و 562 کەسیش ڕزگار کراون.''
بڵند ئیبراهیم




