لیژنەی دارایی: حکوومەت پلانی هەیە بۆ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە

هەولێر -KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە، ئێمەش ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە و بڕیارە لەگەڵ حکوومەت گفتوگۆی لەسەر بکەین، یەکێک لە خاڵەکان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، محەمەد ئیلخانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەوەی بڵاو کراوەتەوە لە هەندێک میدیا لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران هیچی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە و حکوومەت خۆی پلانی هەیە بە هەنگاو پلەبەرزکردنەوە دەست پێ بکاتەوە، بەڵام بەو شێوەیەی کە لە میدیا باس دەکرێت ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە، چونکە هەندێک ڕێکار پێویستە بۆ پلەبەرزکردنەوە.''
محەمەد ئیلخانی گوتیشی: ''پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە بکات و لەناو بودجەدا پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن و خانەنشینی چارەسەر بکات، بۆیە بودجە نەبوو بارێکی قورس دەبێت لەسەر حکوومەت و مووچەی فەرمانبەران زیاد دەبێت، ئەوەش ئەرکێکی قورسە لەسەر حکوومەت، بۆیە پێویستە بودجە هەبێت.''
ئیلخانی باسی لەوەش کرد: ''ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە، یەکێک لە خاڵەکان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دارایی کۆ بینەوە و بێتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی پێشهاتەکانی ئەم دوایییانە هەندێک دوا کەوت، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە هەم بودجە ئامادە بکرێت و هەم پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت.''
بڵند ئیبراهیم




