٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کارەبا بۆ KDP:٥٠٠ مێگاوات کارەبای تر تێکەڵ بە تۆڕی گشتی ده‌كرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کارەبا ده‌ڵێ، لە رێگەی سێ پڕۆژەوە کار بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا دەکرێت و دەڵێ، لە کۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ٥٠٠ مێگاوات لە ناوچەی بازیان کۆتایی دێت و دەکەوێتە کار.

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "زیادکردن و بەرھەمھێنانی کارەبا لە رێگەی وەبەرھێنانەوە ئەنجامدەدرێت و بەردەوام وەزارەت لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی بەرھەمی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا چەند پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا کاری تێدا دەکرێن لەوانەش پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ٥٠٠ مێگاوات کارەبا لە ناوچەی بازیان، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە بکەوێتە کار و تێکەڵ بە تۆڕی گشتی کارەبای ھەرێمی کوردستان بکرێت".

بریکاری وەزارەتی کارەبا دەشڵێت: "ھەر لە بازیان پڕۆژەیەکی دیکەی بەرھەمھێنانی کارەبا بە ٥٠٠ مێگاوات ھەیە و ھەردوو پڕۆژەکە نزیکەی ھەزار مێگاوات بەرھەم دێنن، بەڵام پڕۆژەی دووەم لە کۆتایی ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت و دەکەوێتە کار".

کامیل قەزاز ڕوونیکردەوە: "لە ھەولێریش پڕۆژەی خورمەڵە ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، خورمەڵەش بەھەمان شێوە ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دێنێت، بە تەوابوونی ئەو پڕۆژانە رێژەی بەرھەمھێنانی کارەبا لەھەرێمی کوردستان زیاد دەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار