٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا تەیب قادر: یەکەی ھەشتا دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- فەرماندەیەکی یەکەی ھەشتای ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای کرد، یەکەی ھەشتا لەگەڵ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگەیە و دەچێتە سەر وەزارەت،. دەشڵێت، خەریکی دروستکردنی فیرقەیەکی سەربازیین لە ھەولێر و چەند فیرقەیەکی دیکەش دروست دەکرێن.

لیوا تەیب قادر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکەی ٨٠ی ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "یەکەی ھەشتای ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بڕیاری داوە بچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئێمە سەتاسەت لەگەڵ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانین، وەک قۆناغی یەکەم ھەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە و بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازی لە سنووری ھەولێر دروست بکرێت و دواتر چەند فیرقەیەکی دیکە دروست دەکرێن و ھەموویان دەچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.''

پەیوەست بە مەشق و ڕاھێنان فەرماندەکەی پێشمەرگە گوتی: "بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام خۆڵی مەشق و ڕاھێنان بۆ پێشمەرگە دەکەینەوە و تا ئێستا ١٠ خۆڵی مەشق و ڕاھێنان کراونەتەوە و لە مانگی داھاتووش خۆڵی نوێی مەشق و ڕاھێنان دەکرێنەوە.''

لیوا تەیب ڕوونی کردەوە: "بەپێی پلانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی ڕێکخستنەوەدا ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانەی چوونەتە تەمەنەوە بەپێی یاسا خانەنشین دەکرێن و ئەوانەیشی توانای سەربازییان ماوە بەردەوام دەبن لە خزمەت و خۆڵی مەشق و ڕاھێنانیان بۆ دەکرێتەوە، تا ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن لەشکرێکی یەکگرتوو بەپێی ستانداردی جیھانی.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار