سەربەست بابیری: بیابانەکانی مووسڵ بەڕووی داعشدا واڵان و بەئاشکرا جووڵە دەکەن

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێکی پێشمەرگە زانیاری لەبارەی جووڵەی چەکدارانی داعش لە دەورووبەری مووسڵ ئاشکرا دەکات و دەڵێ، ناوچەکانی بیابانی مووسڵ لە قەزای بەعاج تا ڕومادی بەڕووی چەکدارانی داعشدا واڵایە و ٤٠٠ کم دەرفەت بۆ ھاتوچۆی داعش ھەیە.
سەربەست بابیری، بەرپرسی میحوەری ڕۆژھەڵاتی دیجلە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەست ئێمە دەگەن چەکدارانی تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری مووسڵ ھەن، بەتایبەتی لە حەوزی مووسڵ کە ناوچەکانی ئاسکی مووسڵ دەگرێتەوە تا دەگاتە حەزەر و بەرەو ڕۆژئاوای مووسڵ بەرەو تەلەعفەر و پشتی مووسڵ، ئەگەری ھەبوونی داعش لەو سنوورە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کاتی خۆی داعش لەو ناوچەیە پەیدا بووە و زۆربەی دانیشتووانی عەرەبی سوننەن و داعش لەوێ خۆی مەڵاس داوە و بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ لێدانی ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی".
بەرپرسەکەی پێشمەرگە گوتی: "ناوچەیەکی دیکەی سنووری مووسڵ ھەیە لە قەزای بەعاج تا دەگاتە پارێزگای ڕومادی ھەمووی بیابانە و دەکەوێتە سەر سنووری سووریا، کاتی خۆیشی بەرپرسیاریم ھەبووە لەگەڵ ھێزە عێراقیتەکان و زانیاریم دەست خستووە لەو بیابانە ھەموو کاتێک دەتوانێت جووڵە بکات، بەتایبەتی لە نێوان عێراق و سووریا دەرفەت ھەیە بۆ ھاتوچۆی چەکدارانی داعش، لە ڕۆژئاوای بەعاج داعش دەتوانێت زۆر بەئاسانی جووڵە بکەن".
لەبارەی توانای ھێزە عێراقییەکان بابیری دەڵێت: "ئەو ناوچەیەی ئاماژەم پێ کرد لە قەزای بەعاج تا ڕومادی نزیکەی ٤٠٠کم دەبێت و کۆنتڕۆڵکردنی کارێکی وەھا ئاسان نییە، ھەندێ جار سوپای عێراق ناپرژێتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنی و بۆ ھێزەکانی حەشدی بەجێ دێڵێت، بەپێچەوانەوە حەشدیش دەڵێ سوپا ھەیە لەو نێوەندەدا ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە".
پەیوەست بە ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مووسڵ سەربەست بابیری ڕوونی کردەوە: "ئەو سنوورەی من تێیدا بەرپرسم لە بەنداوی مووسڵ تا دەگاتە ڕۆژئاوای باشیک و نزیک فازڵیە ھەماھەنگی لەن ێوان ئێمە و فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی مووسڵ ھەیە، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی خروقاتیش ڕووی نەداوە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا، بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ ھەندێ گرووپی لە یاسا دەرچووی سەر بە حەشدی شەعبیە و دەتوانن کاری تێکدەرانە ئەنجام بدەن".
قائید میرۆ




