٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای ھەڵبژاردن بۆ KDP: بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان دیارە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرایکرد، پارتی رژدە لەسەر بۆچوونی خۆی لەبارەی سیستەمی ھەڵبژاردنەکان و دەشڵێ، پارتی لەگەڵ سیستەمی یەک بازنەیە بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام پێشنیازی دیکەش ھەن وەک سیستەمی نیوە بەنیوە.

نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی راگەیاندن و رۆشنبیری  دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بۆچوونی پارتی لەبارەی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دیارە و پارتی لەگەڵ سیستەمی یەک بازنەیی دایە نەک فرە بازنەیی، بەڵام پێشنیازێکی دیکەش کراوە ئەویش سیستەمی پەنجا بە پەنجا، واتە نیوەی کۆرسیەکان یەک بازنەیی بێت و نیوەکەی دیکە فرە بازنەیی، ھەروەھا بابەتی کورسی کۆتاکان دەستکاری نەکرێت، چونکە ئەمە تایبەتمەندی خۆیان ھەیە وەک پێکھاتەکانی کلد و ئاشوور و تورکمان".

بەرپرسی رۆشنبیری و راگەیاندنی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت: "ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن دەبێتە ھۆی زیاتر دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان، چونکە پارتی پێی وایە کاتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن نیە و ئەمە چوار ساڵە لایەنەکان داوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنیان نەکردووە، کە نزیک دەبینەوە لە ھەڵبژاردن باس لە ھەموارکردنەوەی یاسا بکرێت دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەدا".

لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیش نیازی حەمە عەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "کۆمسیۆنی ئێستای ھەڵبژاردن وادەکەی بەسەرچووە و چەند بۆچوونێکی جیاواز ھەیە بۆ کاراکردنەوەی، ئەوانیش درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆنی ئێستا یانیش کۆمسیۆنێک لە دادوەران پێکبێت، بەڵام ئەمانە تا ئێستا بیرۆکەن".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار