سەرۆکی زانکۆ بۆ KDP: لە ساڵی نوێ قوتابیان یەکپۆش دەبن

ھەولێر-KDP.info- لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی زانکۆی سەڵاحەدین ڕاپرسیەک بڵاوکراوەتەوە بۆ ماوەی ھەفتەیەک قوتابیان وەڵامی ڕاپرسییەکە دەدەنەوە کە جلوبەرگی قوتابیانی زانکۆ ببێت بە یەکپۆش، لەمبارەشەوە سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، قوتابیەکی زۆر وەڵامیان داوەتەوە پێیان باشە جلوبەرگی دەوامیان ببێت بە یەکپۆشی.
د.کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی كوردستان گوتی: "پەیوەست بە یەکپۆشی بڕیاری سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢_٢٠٢٣ وامانکرد بڕیارەکە تاکلایەنە نەبێت، چونکە بڕیارەکە قوتابی دەیدات و ھەڵوێستی قوتابی وەردەگرین چونکە قوتابی جێبەجێی دەکات، ھەستاوین بە ڕاگەیاندنی ڕاپرسیەکە لە پەیجی سەرەکی سەرۆکایەتی زانکۆ، ڕاپرسیەکە بۆ ماوەی یەک ھەفتەیە و ئەلیکترۆنیە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دەستیپێکردوو چوارشەممەی داھاتوو کۆتایی پێدێت و ڕایدەگەیەنین".
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین گوتیشی: "خۆشبەختانە ژمارەیەکی زۆری قوتابی وەڵامی ڕاپرسییەکەیان داوەتەوە ئەنجامەکەشی زۆر باشە و پاشان ڕایدەگەیەنین، بەبڕوای من ئەم بڕیارە جێبەجێ دەبێت و قوتابیان یەکپۆش دەبن، ھاوکات ئێمە دوو ڕەنگمان دیاریکردووە بۆ قوتابیان، ڕەساسی و سپی یاخود ڕەش و سپی، قوتابی ھەیە ڕەنگی تریشی دیاریکردووە پاشان بە کۆی دەنگ لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی زانکۆ بڕیاری کۆتایی لە سەر دەدەین، بە بڕیاری قوتابی و وەزارەت و زانکۆ لە ساڵی نوێ قوتابیان یەکپۆش دەبن".
فایزە کۆیی




