حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ دەدات

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر گوتی، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو تەماتە لە جووتیاران وەردەگیرێ و دەکرێتە ئاوی تەماتە و بەرهەمهێنانیش دەستی پێ کردووە و لەمەودوا دەکەوێتە بازاڕ .
شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی ئاوی تەماتەی ھەریر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ماوەیەکە لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر شوێنێکمان داناوە و لەوێ تەماتە وەردەگرین لە جووتیاران، ئەو تەماتەی کە گونجاوە بۆ ئاوی تەماتە کە تاقیگەیەک دانراوە و ئەوان بڕیاری وەرگرتنی دەدەن، چونکە ناکرێت جۆرە تەماتەیەک بێت تێک بچێت و پێویستە بۆ ئاوی تەماتە گونجاو بێت و ئێستا ڕۆژانە 50 تۆن تەماتە لە جووتیاران وەردەگرین و بەردەوامیش دەبین لە وەرگرتنی و دەیکەینە بەرهەم و دەخەینە بازاڕ.''
شوان حەمید گوتیشی: ''ڕۆژانە 20 تۆن ئاوی تەماتە بەرهەم دێنین و لەمەودوا دەیخەینە بازاڕ، بە نرخێکی ئەرزانتر و کوالیتیەکی باشتر، بۆیە بەردەوام دەبین، چونکە ئەمە بەرهەمی ناوخۆیە و گرنگیی پێ دەدرێت.''
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ بدات، لەو چوارچێوەیەشدا بەردەوام هەوڵ دەدرێت و کارگەی نوێ دادەمەزرێت.
بڵند ئیبراهیم




