ھەنگاوه نوێیهكهی وهزارهتی پێشمەرگە له KDPیهوه بزانه

ھەولێر-KDP.info- جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئۆپڕاسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە لە وەزارەتی پێشمەرگە فرقە لە ھێزی پێشمەرگە دروست بکرێت، وەکو ھەنگاوی یەکەمیش دوو فرقە دروست دەکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە.
لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئۆپڕاسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: “دەمێکە داوامان کردووە کە لەناو ھێزی پێشمەرگە فرقە دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش نوسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە بۆ ئەوەی رەزامەندی بدرێت و فرقە لەناو ھێزی پێشمەرگە دروست بکرێت.
لیوا قارەمان کەمال گوتیشی: “ئەوەی داوامان کردووە وەکو ھەنگاوی یەکەم دوو فرقە دروست بکرێت و چاوەرێی رەزامەندی ئەوانین، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکخستنی ھێزی پێشمەرگەیە و کاریگەری لەسەر یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەش دەبێت، بۆ ئەوەی خێرابێت چونکە تاوەکو ئێستا لە ناو ھێزی پێشمەرگە فرقەمان نیە و لیوامان ھەیە.
پرۆسەی چاکسازی بەچەندین شێوە لە ناو ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە بۆ ئەوەی ببێتە ھێزێکی نیشتیمانی، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام ھەنگاوی نوێ دەنرێت و تا ئێستاش نزیکەی ٢٠ لیوای ھێزی پێشمەرگە یەکخراون و پرۆسەکەش بەردەوامە.
بڵند ئیبراھیم




