سەرۆک بارزانی سوپاسنامەیەک پێشکەش بە کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیھان دەکات

ئەڵمانیا-KDP.info- بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئەڵمانیا و بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریان کرد لە کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیھان، ھاوکات سوپاسنامەیەکی سەرۆک بارزانیشیان گەیاندە ستیڤن ھاڕپەڕ سەرۆکی کۆڕبەندەکە.
دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنوەر مەسیفی بەرپرسی لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی بەشداریان کرد لە کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیھان کە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، ھاوکات سوپاسنامەیەکی سەرۆک بارزانیان گەیاندە ستیڤن ھاڕپەڕ سەرۆکوەزیرانی پێشووی کەنەدا و سەرۆکی کۆڕبەندەکە.
سەرۆک بارزانی لە نامەکەیدا سوپاسی کۆڕبەندەکەی کرد بۆ داوەتکردنی بەڕێزیان بۆ بەشداریکردن لەو کۆڕبەندە جیھانیە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە کۆڕبەندەکەیان.
لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا نوێنەرانی سەرۆک بارزانی چاویان کەوت بە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی وڵاتانی جیھان و گفتوگۆیان دەربارەی دوایین پێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و جەختیان لەسەر ڕۆڵی بەردەوامی ھەرێمی کوردستان کردەوە لە پاراستنی سەقامگیری ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و شەڕ لە دژی تیرۆر و برەودان بە ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
لەو کۆڕبەندەدا ژمارەیەک سەرۆک وڵات و سەرۆکی حکوومەتەکان و وەزیرانی وڵاتانی جیھان بەشداربوون و تاوتوێی ژمارەیەک پرس و ڕووداوی جیھانی کرا، لە نێویشیاندا شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، ھاوکات پانێڵێکیش لەسەر ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە پانێڵیست فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی یەکێتی لاوانی دیموکراتی جیھان باسی لە دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و کێشەکان لەگەڵ بەغدا و ھەڕەشەکانی سەر ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرگریکردن لە دیموکراسیەت و بەھا شارستانیەکان کرا. ھەروەھا تیشکی خستەسەر خەباتی نەپچڕاوەی گەلی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و سەربەستی و گەشەدان بە مافەکانی.
کۆڕبەندی پارتە دیموکراتەکانی جیھان ساڵانە دووجار ساز دەکرێت و ئەوە یەکەمین کۆڕبەندیانە لەدوای سەرھەڵدانی نەخۆشی کۆڕۆنا، لەو کۆڕبەندانەدا گفتوگۆ دەربارەی کێشە و پرسەکان دەکرێت کە ڕووبەڕووی جیھانی دیموکراتی دەبێتەوە و ھەلێکی باشە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی شارەزاییەکان و سوود وەرگرتن لە سیستەمە دیموکراسیەکانی جیھان، ھەروەھا ڕۆڵ دەبینێت بۆ گەشەدان بە بەھاکانی ئازادی و دیموکراسی لە جیھاندا.
شایەنی باسە ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆڕبەندەکە بوو.
-
-




