٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

١٥ ساڵ بەسەر بەجینۆسایدناساندنی ئەنفالی کورددا تێ دەپەڕێت

سەرچاوە: KDP.info

پێش ١٥ ساڵ، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دوای ٦١ دانیشتنی دادگا، بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی بەرانبەر بە گەلی کورد پەسەند کرد و پارێزەرێکی دۆسیەی ئەنفالیش دەڵێت، حکوومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی جینۆسایدی گەلی کوردستان پابەندی بڕیاری دادگا نییە.

ئەیاد کاکەیی، ئەندامی تیمی بەرگری لە دادگای تاوانەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''رۆژی ٢١ ئابی ٢٠٠٦، یەکەم دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەبارەی تاوانەکانی دژی گەلی کورد، بەڕێوە چوو، سەدام و پێنج تۆمەتباری سەرەکی لەبەردەم دادگا ئامادە بوون و سێ دۆسیەی گرینگی کارەساتی ئەنفال خرانە ڕوو، ئەوانیش گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەو شایەتحاڵەی لە سەماوە ڕزگاری بووە لە زیندەبەچاڵکردن، کە ئەوکات ئەو منداڵ بووە و ، دوای ٦١ دانیشتنی دادگا، دواجار  ڕۆژی ٢٤/٦/٢٠٠٧ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری دا ئەوەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا بەسەر کورد ھاتووە، جینۆسایدە و تاوانی جەنگین.''

ئەو پارێزەرە گوتیشی: "ئەمریکا خۆی ئەوکات زۆر ھەوڵی دا بۆ ئاشکراکردنی ئەو تاوانەی ڕژێمی عێراق بەرانبەر بە کورد کردوویەتی و  زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلاری خەرج کرد بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حەزەر، کە ڕۆفاتی ١٢٣ ھاووڵاتیی سڤیلی تێدا بوو، ئەوەی لە سەردەمی ئەنفال بەسەر کورددا ھاتووە، ھەمووی تاوانی جەنگین، بەتایبەتی دوای وەستانی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق- ئێران، ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ھەموو ھێزەکانی گواستەوە بۆ کوردستان و ئەنجامدانی تاوانی ئەنفالی ھەشت.''

ئەیاد کاکەیی ڕوونیشی کردەوە: ''بەپێی بڕیاری دادگای تاوانەکانی عێراق، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی زیانەکانی جینۆساید بکاتەوە، ھەتا پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ١٤ی نیسانی ٢٠٠٨ بەفەرمی ئەنفالی بە جینۆساید ناساند، کەچی تا ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی جینۆسایدی کورد نییە، پێم وایە دەبوو دوێنێ، ٢٤/٦/٢٠٢٢، ھەموو خەڵکی کوردستان دژی حکوومەتی عێراق خۆیشاندان بکەن و داوای مافی یاسایی و دەستووری خۆیان بکەن.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار