لیزا کاکەیی: لە ئەنجامی یاسای چاکسازی زیاتر لە چوار ھەزار دوومووچەیی ڕاگیراون
__2022_06_14_h16m24s17__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لە ئەنجامی پڕۆسەی چاکسازیدا زیاتر لە چوار ھەزار مووچەی نایاسایی ڕاگیراون و پارەکەی بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە و، ئاشکرایشی کرد، زیاتر لە ٤١ ملیار دیناری قەرزی بازرگانییش بۆ حکوومەت گەڕێندراوەتەوە.
لیزا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەم و سێیەم لە ماددەی ٣ی یاسای چاکسازی، لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری، لیژنەیەکی تایبەتمەندی بەدواداچوونی بۆ لیست و زانیاریی ئەو کەسانەی دوومووچەیان ھەیە پێک هێناوە و توانراوە ناوی ٤١٨٩ کەس ئاشکرا بکەن، کە دوو مووچەیان ھەبووە و مووچەکانیان ڕاگیراوە.''
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: ''ئەو پارەیەی لە ئەنجامی ڕاگرتنی دوومووچەیی و نایاسایی بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە یەک ملیار و ٢٥٣ ملیۆن دینارە.''
کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''سەبارەت بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی ١٣ی یاسای چاکسازیی تایبەت بە وەرگرتنی قەرزە بازرگانییەکان، تا ئێستا بڕی ٤١ ملیار و ٢٤٤ ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکوومەت و ١٦٩ مڵکیش ڕەھن کراون، بێگومان پڕۆسەکە و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەی یاسای چاکسازی بەردەوامە.''
قائید میرۆ




