پەرلەمان میوانداریی کۆمەڵێک پەرپرسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان گوتی، لە ٢٠ی ئەم مانگەوە کۆمەڵێک بەرپرسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان میوانداری دەکەن، لەبارەی ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان و دێرینەکان، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ماف ھەیە بۆیان دابین بکرێت.
سەعید ھەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە وەکوو لیژنەی پێشمەرگە لە ٢٠ی ئەم مانگە میوانداریی جێگری سەرۆکی ھەرێم و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران دەکەین.''
سەعید ھەرکی گوتیشی: ''مەبەست لەو میواندارییە بۆ گفتوگۆیە لەبارەی پڕۆژەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و دێرینەکان، چونکە ھەر پڕۆژەیاسایەک پەیوەندیی بە داراییەوە ھەبێت، پێویستە حکوومەت ئاگادار بێت، بۆ ئەوەی توانای جێبەجێکردنی ھەیە، یاخود نا، بۆیە پڕۆژەیاساکە ئامادەیە، بەڵام پێویستی بە زەمینەسازی ھەیە.''
ھەرکی ڕوونیشی کردەوە: ''کۆمەڵێک ئیمتیازات ھەیە پێویستە پێیان بدرێت، وەکوو خوێندنی منداڵەکانیان و پێدانی زەوی بەو پێشمەرگانە و چەند ئیمتیازاتێکی دیکەش.''
بڵند ئیبراھیم




