٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''پەرلەمانی کوردستان خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە لەبارەی ڕەوشی سووتەمەنییەوە''

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک -KDP.info- لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لیژنەی سامانە سروشتییەکان بڕیاری دا ڕاپۆرتێک لەبارەی ڕەوشی سووتەمەنییەوە ئامادە بکرێت و بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دھۆکیش دەڵێت، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو وێستگانە دەکرێت، کە لە کوالێتیی بەنزیندا سەرپێچی دەکەن.

موحسین تەھا، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لیژنەیەک لە ئیدارەی دھۆک بۆ لێپرسینەوە لە ڕەوشی سووتەمەنی پێک ھاتووە و لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا پشکنینی بۆ چەندین وێستگەی سووتەمەنی کردووە و تا ئێستا چوار وێستگە بەھۆی خراپیی کوالێتیی بەنزینەوە داخراون، تیمەکانی ئێمە بەردەوام دەبن لە پشکنینی سووتەمەنی و ھەر کەسێک کە سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت.''

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دھۆک گوتیشی: ''ھۆشداری دراوەتە ھەموو وێستگەکانی دھۆک و ئیدارەی زاخۆ کە لە ڕووی نرخ و کوالێتییەوە سەرپێچی نەکرێت، چونکە چاوپۆشی لە ھیچ کەسێک ناکرێت و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.''

موحسین تەھا ڕوونیشی کردەوە: ''پەیدابوونی قەیرانی بەنزین کاریگەریی لەسەر کوالێتیی بەنزین دەکات، لەبەر ئەوەش، خاڵێکی پشکنین لە نزیک دھۆک جێگیر دەکرێت بۆ ئەوەی بەنزینی خراپ ھاوردەی دھۆک نەکرێت، ڕۆژانە دھۆک پێویستی بە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینە و ئەو بەنزینەی ئێستا دابین دەکرێت بۆ دابەشکردن و بەشی ھەموو ئۆتۆمبێڵەکانی پارێزگای دھۆک ناکات.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار