د. عەزیز گەردی کۆچی دواییکرد

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 6ـی حوزەیرانی 2022، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا عەزیز گەردی لە تەمەنی 75 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا عەزیز گەردی ماوەیەک بوو بە هۆی ناجێگیری رەوشی تەندروستیەوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکدا بووە و ئەمڕۆ بە یەکجاری ماڵئاوایی لە خاک و نەتەوەکەی کرد.
عەزیز گەردی، لە ساڵی 1947 لە بەحرکە لەدایکبووە، چهندین کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و چەند بەرهەمێکی تایبەت بە خۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێك، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی)، هەروەها ماوەیەك لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لە رێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.
عەزیز گەردی لە بواری پەروەردە و فێرکردنیشدا ڕۆڵێکی باڵای هەبوو، چەندین ساڵ لە قوتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەکانی دیکەی شاری هەولێر وانەی گوتووەتەوە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە بەشی کوردی کۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لە پێناو خۆ تەرخانکردن بۆ وەرگێڕان دەستیلەکارکێشاوەتەوە، تا ساڵی 1994 ماستەرنامە و ساڵی 1999 دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت.




