تەواوکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت
__2022_06_01_h15m17s59__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- سەرپەرشتیاری قۆناغی سێیەمی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر گوتی، کارەکانی قۆناغی سێیەمی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری زۆر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت و تا کۆتاییی ساڵ ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت کە لە شەقامی بەحرکە تا شەقامی دھۆک بۆ گەزنە دەڕوات.
سەرتیپ قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر دەستی بە کارەکانی کردووە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت و ئێستا ڕێژەی تەواوبوونی گەیشتووەتە سەرووی ١٧% و کارەکانی زۆر باش بەڕێوە دەچێت و زۆریش بەخێرایی کاری تێدا دەکرێت، بۆیە بەردەوام دەبین تاکوو ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت".
سەرپەرشتیاری قۆناغی سێیەمی دروستکردنی شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر گوتیشی: "ئێستا زیاتر کاری خۆڵکاری و دروستکردنی ژێرپرد و بەرزەپرد و فەرشکردنی تێکەڵە و دروستکردنی ڕێگا دەکرێت، کە درێژییەکەی ٦,١ کم دەبێت، کە لە ڕێگای ھەولێر-بەحرکە تا ڕێگای ھەولێر-دھۆک بۆ گەزنە دەڕوات".
سەرتیپ قادر ڕوونیشی کردەوە: "تا کۆتاییی ساڵ قۆناغی سێیەمی ڕێگای ١٥٠ مەتری تەواو دەبێت، کە ٩٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە، بۆ ئەوەی ئەو بەشەی پێ تەواو بکرێت".
شەقامی ١٥٠ مەتری بازنەیی خێرا لە ھەولێر، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و کۆی پڕۆژەکە بە گوژمەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار تەواو دەبێت، شەقامەکە بە شێوەیەکی بازنەیی خێرایە کە ھیچ وەستانێکی تێدا نییە و بڕیارە بە پێنج قۆناغ تەواو بێت و ئێستا کار لە قۆناغی دووەم و سێیەمی دەکرێت و بڕیارە تا کۆتاییی ئەمساڵ ھەردوو قۆناغ تەواو بن".
بڵند ئیبراھیم




