دەستپێخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد زۆر گرنگە

ھەولێر -KDP.info- بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر گوتی، دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد گرنگیی زۆری ھەیە، چونکە ئێستا ئەو بابەتە بووەتە بابەتێکی نێودەوڵەتی و پێویستە چارەسەر بکرێت و چارەسەریش بە دانیشتنی لایەنەکان دەکرێت، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لەگەڵ گۆڕاندا حکوومەتیان پێک ھێناوە و لەگەڵ بەغدا کێشەمان ھەیە و پێویستە ئەو کێشانە لەسەر بنەما دەستوورییەکان چارەسەر بکرێن، ئەوانیش لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە لە بنەما دەستوورییەکان لایان داوە.
بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر، ئەحمەد کانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستپێشخەریی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزیی لایەنەکانی کورد و ناوماڵی کورد زۆر گرنگە و ئەوەی گرنگیشە لەم قۆناغەدا دەستپێشخەرییەکی وا لە ئارادا بێت بۆ دانیشتنی ھەموو لایەنەکان، بەتایبەت یەکێتی و پارتی و ئەو ڕۆژەش لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش، پلاسخارت باسی لەو پرسە کرد کە ئەوە بووەتە بابەتێکی نێودەوڵەتی و زیان بە دۆزی کورد دەگەیەنێت، بۆیە باسی لێوە کرا کە ھەرێم یەکە و یەک حکوومەت و پەرلەمانی ھەیە و ئەگەر بڕگەیەک ھەیە، دەبێتە ئاماژەیەک بۆ دووئیدارەیی، ئەوە خراپە و پێویستە چارەسەر بکرێت، ئەوەش بە دانیشتن دەکرێت، بەتایبەت دانیشتنی یەکێتی و پارتی، کە دوو لایەنی سەرەکین و لەگەڵ گۆڕان حکوومەتیان پێک ھێناوە.''
ئەحمەد کانی گوتیشی: ''سەرۆکی حکوومەت پارتییە و جێگرەکەی یەکێتییە و جێگری سەرۆکی ھەرێم بزوتنەوەی گۆڕانە و پێکەوە حکوومەتیان پێک ھێناوە و پێویستە حکوومەتی ھەمووان بێت و ھەمووشمان پابەندیی یاسا و ڕێکار و ڕیساکانی بین لە بەرژەوەندیی گەلی کورد.''
کانی ڕوونیشی کردەوە: ''لە دوایین کۆبوونەوەی پارتییشدا باس لەو بابەتە کراوە و جەنابی سەرۆک ھەموو لایەکی سەرپشک کردووە بۆ ئەوەی ھەمووان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان ھەنگاو بنێن، بۆیە ئەو ئاساییکردنەوەیە بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە، بەتایبەت دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی پلاسخارت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.''
بەرپرسەکەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر گوتیشی: ''لەو کۆبوونەوەیەدا زۆر خاڵی ئەرێنیشی تێدا بوو، کە کێشەکانی ھەرێم و بەغداش بەپێی بنەما دەستوورییەکان چارەسەر بکرێن، ئەوەیش لە بەرژوەندیی ھەرێمدایە، چونکە کێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە و ئەوانیش دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە لە بنەما دەستوورییەکان لا بدەن، کە بنەما دەستوورییەکان زۆر ڕوونن.''
بڵند ئیبراھیم




