٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی تازەی لیژنەی ناوچەی بەریتانیا دەستنیشان کرا

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا -KDP.info- شاندێکی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێک هاتبوو لە ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی لق و سەرحەد غەفووری و سروە بەرزنجی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی لق، سەردانی وڵاتی بەریتانیایان کرد و بە بەشداریی خەسرەو ئاژگەیی، کارگێڕیی لقی ٦ی ئەورووپا، ژمارەیەك کۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پارتیمان و کۆمەڵێك لە کەسایەتییە کوردستانییە دیارەکانی وڵاتی بەریتانیا و نوێنەرانی هەندێك لایەنی سیاسیی کوردستانی بەڕێوە برد.

لە سەردانەکەدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هەردوو لیژنەی ناوچەی پێشووی لەندەن و بێرمینگهامی پارتیمان بەڕێوە چوو. سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێك وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشەزیندوو دەستی پێ کرد. دواتر ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیار دراوە هەردوو لیژنەی ناوچەی لەندەن و بێرمینگهام یەک بگرن و لیژنەی ناوچەی بەریتانیا دامەزرێندرا کە سەرپەرشتیی تەواوی سنووری ڕێکخستنەکانی پارتیمان لە وڵاتی بەریتانیا دەکات و هەڤاڵ شوان و عومەر عارف وەك بەرپرسی تازەی لیژنەی ناوچەی بەریتانیا دەستنیشان کران.

لەو دیدارەدا کە کادیران و ئەندامانی سنووری ڕێکخستنەکانی پارتیمان لە وڵاتی بەریتانیا ئامادە بوون، ئەنوەر مەسیفی، بەرپرسی لقی ٦ لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای دەستبەکاربوونی بەرپرس و دەستەی کارگێڕیی تازەی لق، پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە داڕێژراوە بۆ ئەوەی ڕێکخستنەکانی پارتیمان لە ئەورووپا بۆ توندوتۆڵترکردنی ڕێکخستنەکانی پارتیمان و کۆکردنەوەی پشتگیریی زیاتر بۆ پرسە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە گوڕوتینێکی تازە و بەهێزەوە درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدەن، بەتایبەتیش لە کێشوەرێکی گرینگی وەك ئەورووپا.

گوتیشی: پارتیمان دەتوانێت لە وڵاتی بەریتانیا خزمەتێکی یەکجار گەورە پێشکەش بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانی گەلی کوردستان بکات و جگە لە بەهێزکردنی هزری نەتەوایەتیی گەلی کوردستان، هاوکات ڕێگە لە بەلاڕێدابردنی ئامانجە نەتەوەیییەکانمان بگرن کە دەیان ساڵە گەلی کوردستان خەباتی بۆ دەکات لەپێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان، هەروەها دانانی کاریگەری لەسەر بڕیاربەدەستانی وڵاتی بەریتانیا کە یەکێکە لە وڵاتە هەرەکاریگەر و بەهێزەکانی جیهان.

بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا هاوکات داوای لە بەرپرس و کارگێڕانی لیژنەی نوێی ناوچەی بەریتانیای پارتیمان کرد کە بە گوڕوتینێکی گەرمەوە کارەکانیان بەڕێوە ببەن و ڕێکخستنەکانی پارتیمان بەهێزتر بکەن بۆ خزمەتکردنی دۆز و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانمان و ڕەوەندی کوردستانی لەو وڵاتە.

هەر لە درێژەی سەردانەکەدا بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا بە یاوەریی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی لق کۆمەڵێك دیداریان لەگەڵ ژمارەیەك لە کەسایەتییە دیار و کاریگەرە کوردستانییەکانی وڵاتی بەریتانیا و نوێنەرایەتیی ژمارەیەك پارت و لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە برد و لەو دیدارانەدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی بەهێزترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بۆ دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر بۆ خزمەتکردنی پرسە ڕەواکانی گەلەکەمان کرایەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار