ھەموو مافەکانی کرێکار لە یاسای کاردا پارێزراوە

ھەولێر -KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، یاسای کار ئامادە کراوە و لە ئەنجومەنی وەزیرانە، کە ھەموو مافەکانی کرێکار لەو یاسایەدا پارێزراو دەبێت و دابین دەکرێت و بە ھەزاران ھەلی کاریش بەھۆی ئەو یاسایەوە دەڕەخسێت.
گوڵستان باقی سلێمان، ئەندامی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''یاسای کار ئامادە کراوە و لە ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەر کراوە و ئەگەر دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێ بکاتەوە، دێتە پەرلەمان و ئێمەش گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی زیاتر دەوڵەمەند بکرێت و دواتریش خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت.''
گوڵستان باقی سلێمان گوتیشی: '' ئەو یاسایە زیاتر جەخت لە ماف و ئیمتیازاتی کرێکار دەکاتەوە کە مافەکانی پێشێل نەکرێت و کاتێک لە شوێنێک کاری نامینێت چۆن مافی دەستەبەر دەکرێت، چونکە پێویستە ھەر کرێکارێک لە شوێنێک کار بکات کە ڕێنماییی کارکردنی ھەبێت، بۆیە ئەو یاسایە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی مافی کرێکار نەفەوتێت.''
گوڵستان باقی سلێمان ڕوونیشی کردەوە: ''ئێمە لەسەر ئەو یاسایە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و کەسانی پسپۆر بە مافی مرۆڤ بەڕێوە بردووە، بۆیە ئەو یاسایە زۆر گرنگە و ھەزار دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت و مافی کرێکاریش دەپارێزێت.''
ئەندامەکەی لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ''کە پڕۆژەکە ھاتە پەرلەمان ئەوکات وردەکاریی زیاترمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، چونکە چاوەڕێ دەکەین پڕۆژەکە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکرێت.''
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند: ''ناکرێت کرێکارێک لە شوێنێک کاری تەواو بێت و ھیچ مافێکی نەمێنێت و بچێتەوە ماڵێ، بۆیە پێویستە مافی ھەبێت و لەو یاسایەدا ھەموو مافێکی کرێکار دیاری دەکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




