٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی سیاسی پارتی: پشتیوانی خۆمان بۆ داوا و خواستە رەواکانی کرێکاران دووپات دەکەینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (١ی ئایار) جەژنی جیهانی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، رۆڵی بونیادنەرانەی کرێکارانی ئازیزی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پشتیوانی خۆمان بۆ داوا و خواستە رەواکانیان دووپات دەکەینەوە بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان: 

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی جیهانی کرێکاران

بە بۆنەی (١ی ئایار) جەژنی جیهانی کرێکاران، پیرۆزباییەکی گەرم لە تێکڕای کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین و، ئومێدەوارین هەردەم خاوەنی راستەقینەی پەیامی راست و دروستی خۆیان بن بۆ بەدیهاتنی مافەکانیان.

بەدرێژایی مێژووی خەبات و شۆڕشی گەلانی ئازادیخواز نکوڵی لە پێگە و تێکۆشان و رۆڵی چینی کرێکاران ناکرێ، کە گرنگی و کاریگەری خۆی هەبووە لە گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و وڵاتان و ئەو دەسکەوتانەی بەدەستیان هێناوە، هەروەها لە رووی بیناکردن و ئاوەدانکاریدا هەمان بایەخ و کاریگەریان هەیە و لەو رێگایەشدا قوربانی زۆریان داوە. 

بەو بۆنەیەوە و لەو دەرفەتەدا رۆڵی بونیادنەرانەی کرێکارانی ئازیزی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پشتیوانی خۆمان بۆ داوا و خواستە رەواکانیان دووپات دەکەینەوە بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان، هەروەها هیوادارین بە هەموو لایەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان هەوڵ بدەین بۆ بووژانەوە و بونیادنان و بەرەو پێشبردنی زیاتری وڵاتەکەمان.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی(١ی ئایار)جەژنی جیهانی کرێکاران لە تێکڕای کرێکارانی کوردستان پیرۆز بێت.. 

 

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

١ـی ئایاری ٢٠٢٢

هەواڵی پەیوەندیدار