٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ زیادبوونی جووڵەی بازرگانی، ئاسانکاری بۆ بازرگانان لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

حاجی ئۆمەران -KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران گوتی، بۆ ئاسانکاری بۆ بازرگانان لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران دوو دەرگا ھەبوو، سێیەم دەرگاش کرایەوە و بڕیارە سۆنەرێکیش بۆ پشکنین دابنرێت، ئەمەش وا دەکات جووڵەی بازرگانی خێراتر بێت و ئاسانکاریی زیاتریش بۆ بازرگانان بکرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران، سیروان حەسەن ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران فراوان کراوە و دوو دەرگای ھەبوو، ئێستا دەرگای سێیەمیشی بۆ کراوەتەوە و مەبەست لەو فراوانکردنەش بۆ زیادکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئاسانکاریکردنە بۆ بازرگانان، چونکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە ھەموو جۆرە ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان بکەین، چونکە ئێستا ڕۆژانە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە بواری بازرگانی لەو خاڵە سنوورییە ھاتوچۆ دەکەن و دەمانەوێت زیاتر بێت.''

سیروان حەسەن گوتیشی: ''جگە لەوەش، بڕیارە سۆنەرێک بۆ پشکنین لەو خاڵە سنوورییە لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ بازرگانان بکرێت و لە ڕێگەی ئەو سۆنەرەوە پشکنینان بۆ بکرێت و بێنە ناو ھەرێمی کوردستان، ئەوەش دەبێتە ئاسانکارییەکی دیکە بۆ بازرگانان و ھاتوچۆی بازرگانی خێراتر دەکات.''

گوتیشی: ''ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت بۆ ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانان و زیادکردنی جووڵەی بازرگانی لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران جێبەجێی دەکەین.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار